نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

  2021-05-10  | 
دۆسیە:  نەوت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، نرخی ئەمڕۆی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان گۆڕانکاری ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.

بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی٥ی٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٨ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٦٥ دۆلار و ٢٧ سەنت دیاریکراوە.

لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بۆ نزیکەی ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە.

شیکەرەوانی دۆخی ئابوری ئاماژە بەوە دەکەن، چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەدا زیاتریش بەرزبێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی خواست لەسەر سوتەمەنی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەوروپا زیاتر بووە.

لەو چوارچێوەیەشدا چەند ویلایەتێکی ئەمریکا لە ئامادەکاریدان بۆ کەمکردنەوە و سوککردنی کۆتوبەندەکان، کە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەپێنراون، یەکێتی ئەوروپاش لە ئامادەکاریدایە بۆ پێشوازیکردن لەو گەشتیارە بیانیانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.



ڕیکلام