قاسم ئەعرەجی و هاوپەیمانی سائیرون لەسەر لێدوانەکانی باڵیۆزی بەریتانیا هاتنە دەنگ

  2021-05-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەر یەکە لە ڕاوێژکاری ئاساشی نەتەوەیی عێراق و هاوپەیمانی سائرون ئیدانەی لێدوانەکانی باڵیۆزی بەریتانیایان کرد لە عێراق و ڕایگەیاند، لێدوانەکانی ئەم دواییە قبوڵکراو نییە و بووەتە هۆی توڕەیی شەقامی عێراقی.

نوسینگەی قاسک ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بڵاویکردەوە، ئەعرەجی لە نوسینگەی خۆی پێشوازی کردووە لە ستیڤن هاکی باڵیۆز بەریتانیا لە عێرا ق و گفتوگۆیانکردووە دەربارەی لێدوانەکانی ئەم دوایی باڵیۆوی بەریتانیا و کاریگەریی لەسەر عێراق و قەوارە سیاسییەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی نوسینگەی ئەعرەجی ، ناوبراو بە باڵیۆزی بەریتانیای ڕاگەیاندووە، لێدوانەکانی ئەم دوایی مایەی قبوڵکردن نییەو دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق، لێدوانەکانی باڵیۆزی بەریتانیا بووەتە مایی نیگەرانی و توڕەیی شەقامی عێراقی.

وەک لەبەیاننامەکەی نوسینگەی ئەعرەجیدا هاتووە، باڵیۆزی بەریتانیا ڕایگەیاندووە، لێدوانەکانی لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە و جەختیشیکردووەتەوە لە رێزگرتن لە سەروەیی عێراق.

هاوکات هاوپەیمانی سائیرونی نزیک لە موقتەدا سەدر ڕایگەیاندووە، لێدوانەکانی ئەم دواییە باڵیۆزی بەریتانیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن  نییە.

هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لێدوانەکانی باڵیۆزی بەریتانیا دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و بە هیچ شێوەیەک مایەی قبوڵکردن نییە.

جەختیشیکردووەتەوە، بایەتی هەڵبژاردنە تایبەتمەندی کاری حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ناوەندە دیپلۆماتییەکانی ناو عێراق، ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن و دەستوەردان نەکەن لە کاروباری وڵاتکە و پابەندی ڕێسا دیپلۆماتییەکان بن.

ئەو هەڵوێستانەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و هاوپەیمانی سائیرون لە کاتێکدایە، ستیڤن هاکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە تویتەری خۆی و لە تەلەفزیۆنی عەرەبییەش  راگەیاندبوو، عێراق ناتوانێت هیچ هەڵبژاردنێکی پاک شەفاف ئەنجام بدات، ئەگەر نەتوانێت پارێزگارکبکات لە چالاکانی مەدەنی و کە بەردەوام ڕوبەڕوی هەرەشەو کوشتن دەبنەوە لەلایەن میلیشیاکانی نزیک لە ئێرانەوە.



ڕیکلام