پاش ئەوەی گرتەڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە و تیایدا دەردەکەوێت چەند کەسێک لە شارێکی تورکیا لە خێزانێکی خەڵکی هەولێر دەدەن، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، داوای کردنەوەی "داوای یاسایی"مان کردووە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوەدەکات، کە پەیوەندیان بەو خێزانە کوردەوە کردووە و خێزانەکە دانیشتووی هەولێرن، دەشڵێت، لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان لەسەر هێڵ دەبین بۆ ئەو بابەتە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "له ههر شوێن و جێگهیهك بێت کردەوەی لەمجۆرە بەرامبەر بەهاوشاریانی خۆمان قەبوڵناکەین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین."
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەبارەی ئەو کەیسەوە پارێزگاری ههولێر، پەیوەندی بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسڵی گشتی وڵاتی تورکیا لە هەولێر کردووە و داوای لێکردوون:
یەکەم: لەزووترین کاتدا پهڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێتهوه و لەڕێگەی یاساوە هۆکاری ئەو پەلاماردان و هێرشکردنە نامرۆڤانەیە بۆ سەر ئەو خێزانە یەکلابکرێتەوە و پەلاماردەر و تاوانباران بەسزای توندی یاسایی خۆیان بگەێنن .
دووەم: داو لەکونسڵخانەی گشتی وڵاتی تورکیا لە هەولێر دەکەین، بەفەرمی بۆ ڕای گشتی ڕوونکردنەوە بدات و هۆکاری پەلاماردان و هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی ئێمە لەوڵاتەکەیان ڕوونبکاتەوە .
سێیەم: وەک پارێزگای هەولێر، بەهەمووشێوەیەک کاری لەمجۆرە لەژێر هەر پاساوێک و بڕوبیانیویەک بێت لەلای ئێمە قەبوڵکراو نییە و کارێکی نادروستە و بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین، قەبوڵیشمان نییە لەهیچ شوێنێک هاوشاریانی ئێمە بێڕێزیان بەرابەمبەر ئەنجامبدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووەوە تیایدا لە نێوان شاری مێرسین و ئەدەنەدا، چەند کەسێکی تورک لە خێزانێکی کورد دەدەن و بەپێی زانیارییەکان خێزانەکە دانیشتووی هەولێرن.