میدیای بکوژ:

  2021-05-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەحمەد ڕەزا

بەشی دووەم: بەرهەمهێنانی هونەریی

بەرهەمهێنانی هونەریی/ میدیایی، زاراوەیەکە هەموو ئەو لایەنانە ئەگرێتەوە، کە پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی بەرنامە بینراو و بیستراوەکانەوە هەیە.. بە جۆرێک بیرۆکەیەک یان چەند بیرۆکەیەک ئەگۆڕرێ بۆ وێنەو دەنگ و ڤیدیۆ، لە شێوەی بەرنامەی پەخشکراودا، بە ئامانجی گەیاندنی بیرۆکەکە بە وەرگرو کار تێکردنیان .

ئەم بەرهەمهێنانە بەوە ئەناسرێتەوە کە درێژخایەنە، لەبەرئەوەی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕئەبێت وەک کارگێڕیی و دیزاین و پلاندانان و ئەندازیاریی و دەنگ و وێنەگرتن و ڕوناکیی و دیکۆرو جلوبەرگ و مایکەپ و ڕاهێنانی دەرکەوتووەکان و مۆنتاژو پەخش و مارکێتینگ. جگە لەوەش پێویستە هەموو ئەو کەسانەی لەو بوارانەدا کار ئەکەن، پسپۆڕ بن و شارەزاییەکی باشیان لە کارەکەی خۆیاندا هەبێت .

بەڵام بەلانی ڕۆژنامەو ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانەوە باسەکە وێنەگرتن و دەنگی تێ ناکەوێت و پێویستیی بە بیرۆکەو دیزاین و کۆلاج و چاپکردن و مۆنتاژو مارکێتینگ و بڵاوکردنەوەوە هەیە .

لە میدیای کوردیدا بەگشتیی، کەمترین پسپۆڕ لە بوارەکەدا هەیە.. نەزانێک سەرپەرشتیاری ئەدەبی لاپەڕەیەکە، یان بەشی کۆمەڵایەتیی بەڕێوە ئەبات، یان لیژنەی هەڵسەنگاندنی بەرنامەو دراماکانە، یان بەڕێوەبەری دەستڕۆشتووی کەناڵێک .

ڕۆژنامەکان پێشبڕکێ لەگەڵ بابەتە کرچ و کاڵەکانی سۆشیال میدیا ئەکەن، بۆ وەرگرتنی بابەت.. زۆرینەی بەناو دراماکانیش ئەو " CD"یە  ئاست نزم و لەیبوکانەن، کە پێشتر لە مەزادخانە/ دەرارخانەکانیشدا سانسۆریان لەسەر بوو، دوکاندار ڕیکلامی بۆ فرۆشتنیان نەئەکرد.. سەیرە ئێستا زۆرێک لە دەرچووانی پەیمانگەو کۆلیژەکانیش کێبڕکێی بەرهەمی مەزادخانە بکەن .

بەرنامەکانیش بە گشتیی لەگەڵ هەر دانیشتنێکی گەنجانەی سەهۆڵەکەو چایخانەکان تێپەڕ ناکات و خاڵیی خاڵین لە فیکرو مەعریفە .

هەموو ئەزانین هەر وڵاتێک کەوتە بەر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیی، ڕاستەوخۆ مەعریفە ئەکات بە قوربانی ئەدای ناو بازاڕەکان، بۆ نمونە نوسەری گەورەی سوریی " محمد ماشطة" ئەڵێ: پێئەچێ ڕێکەوتنێک لە نێوان کەناڵەکاندا هەبێت، بۆ دوورخستنەوەی وەرگر لە بابەتی جاددو ئامانجدار، دەنا ئەم هەموو بێ ئەرزشییە چۆن بە جارێک لە ڕەمەزانێکدا دەرئەکەوێت.. دکتۆر " نەواف التمیمي" پسپۆڕی ڕاگەیاندن بە " دراما خەجاڵەتبارەکان" ناویان ئەبات.. ئەو بە ڤایرۆسێکی مەترسیدارتر لە کۆڤید 19 ناویان ئەبات و پێیوایە ئەبنە سەرچاوەی وشککردنی فیکر.. لەبەرئەوەی وەک دکتۆر " عبدالله غذامی" یش دووپاتی ئەکاتەوە، ئێستا لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە پەیامەکان ئەگەنە وەرگرو سەردەمی کتێب کاڵ بووەتەوە.. گەر پەیامیش لەڕێگەی ناپیشەگەرەوە بگاتە وەرگر.. ئەوا فیکر ئەبێت بەژێر دەست و پێوە .

دەرنجامەکان ڕوونن کە بووەتە هۆی دوورکەوتنەوەی زۆرینەی خەڵک لە کەناڵە کوردییەکان.. تەماشا کردنی درامای ئەمەریکی و ڕوسیی و ئیسپانیی و میسریی و لوبنانی، لە بری ئەو بێ سەروبەرییەی کورد بە ناوی دراماوە دەرخواردی وەرگری ئەدات.. بەگشتیی، کەیفسازیی جێی بە هەموو بابەتێکی گرنگ لێژ کردووە، لەسەرجەم کەناڵەکاندا.. نەبوونی پسپۆڕو دەرکردنی کادرە جاددەکان، هەروا بە سادەیی خەڵک تێی ناڕوانێ، پێ ئەچێ لەژێر فشارو ڕاسپاردەدا بێت.. ئەمەش بەرهەمی دەسەڵاتی کورد !



ڕیکلام