میدیای بکوژ:

  2021-05-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەحمەد ڕەزا

بەشی سێیەم:

هەڵاوساندنی قەبارەی ڕووداوە ئاساییەکان.

" دکتۆر محمد قیراط" لە وتارێکیدا لە ڕۆژنامەی " البیان" دا ئەڵێت: بۆگەنکردنی میدیا، نەتەوەیەک بۆگەن ئەکات.. خۆی وتەزاکە پێچەوانە ئەکاتەوەو بە گریمانە وەریئەگرێت و ئەڵێت: ئەی بۆ وتەزاکە ئاوەژوو نەکەینەوەو ببێ بەوەی بڵێین، ئەگەر نەتەوەیەک بۆگەن بوو، میدیاکەشی بۆگەن ئەبێت؟.. لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان میدیاو کۆمەڵگە، پەیوەندییەکی دیالێکتیکییە، پەیوەندیی کارلێکردن و کاریگەرێتییە.

هۆکارەکانی نەزۆکیی میدیا، کە وایکردووە وەرگر متمانەی پێی نەمێنێت و ئەوی لە ڕاگەیاندنی تەقلیدیی دەوڵەت و حیزبەکانەوە بڵاوئەکرێتەوە، پێچەوانەی وەربگرێت، بۆ چەند هۆکارێکی بنەڕەتیی ئەگەڕێتەوە.. لە سەرێکەوە پەیوەندیی بە کادرە نەشارەزاو ناپیشەگەرەکانەوە هەیەو لە سەرێکیتریشەوە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بەو لایەنەوە هەیە، کە سەپۆرتی ئەکات و ئەبێ بەرژەوەندییەکانی ئەوی تیا لەبەرچاو بگیرێت.. بەڵام لە سەروو هەموو ئەمانەوە نەبوونی مینبەرێکی تەواو ئازادو خۆسەپاندنی دەسەڵات، بەسەر هەموو کەرتەکانی ژیانی کۆمەڵگەوە، میدیایەکی ئیفلیجی تەقلیدیی لێ بەرهەمدێت و بە هیچ جۆرێک ناتوانێ شان بەشانی میدیای کۆمەڵگە مەدەنییەکان کاری میدیایی بکات، لەبەرئەوەی پێش هەر شتێک میدیا پێویستیی بە کۆمەڵگەیەکی بەهێزی مەدەنیی و دابەشکردنی سێ دەسەڵاتی " یاسادانان و دادوەریی و جێبەجێکردن" هەیە .

میدیای تەقلیدیی کە پێکدێت لە ڕۆژنامەو ئێستگەو تەلەفزیۆنەکان، ئێستا لەبەرامبەری ئەواندا میدیای نوێ هاتۆتە پێش و لەو کۆمەڵگایانەدا کە سیاسەت جێی گرنگیی پێدانی یەکەمینە، میدیای نوێ جێی بە میدیای تەقلیدیی لێژ کردووە.. بەڵام میدیای نوێ لەژێر ئەو چاودێرییە هونەریی و کۆمەڵایەتییە نییە کە میدیای تەقلیدیی پێ کۆنترۆڵ ئەکرێ، لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە بۆ خۆی ڕێ بۆ قەرەباڵغی و ژاوەژاوی میدیایی خۆش ئەکات .

کارەسات لەوێدایە، میدیای تەقلیدیی بکەوێتە ژێر فشاری میدیای نوێوە، کە لە هەموو چالاکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووئەدات.. کارەساتەکە قەبارەی گەورەترە لەوەی لە میدیای نوێدا ڕێچکەی گرتووە، لەبەرئەوەی هەر لە بنەڕەتەوە ئەو خۆی پێناسە کردووە.. بەڵام میدیا تەقلیدییەکە، کە ئامانجدارەو ئەرکی ئاراستە کردنی تاک و کارتێکردنیانە ئەویش ببێتە بەشێک لەو ژاوەژاوە فیکرییەی کە ڕەوتێکی ناسراوی تیا نییە، ئەوا ئەبێتە هۆی پیس بوون و بۆگەن کردنی کەرتی میدیایی .

لە ئێستادا لە زۆرێک لە کەناڵەکاندا، لە هەـوو ڕوویەکەوە پشت بەو ڕەوتە ئەبەسترێ کە لە میدیای نوێوە سەری هەڵداوە.. بۆ نمونە " کەیفسازیی/ الترفیه" لە میدیای نوێوە سەری هەڵداو پەڕیەوە بۆ میدیای تەقلیدیی، بەڵام لێرەدا ئامانجەکەی بە دوو ئاراستەدا گۆڕرا .

یەکەمیان بوو بە ئامرازێک بە دەست هەندێ نوسەرو هونەرمەندەوە، تا لە بەرژەوەندیی حزبەکەی خۆی و دژی حزبە نەیارەکارەکانی بەکار بخرێت .

دووەمینیشیان بۆ گواستنەوەی پەیوەندییەکانی ناو بازاڕو دانیشتنە تایبەتەکان، بە مەبەستی نیشاندانی ڕوویەکی گەشی دەسەڵات بە بەردەوامیی .

لێرەدا بە مەبەست و بێ مەبەست، زۆرێک لە میدیاکان، هەواڵی ڕووداوە ئاساییەکان زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر ئەکەنەوە، بەمەبەستی ناشرین کردنی کۆمەڵگەو لابردنی بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی دەسەڵات.. وەک سەمای کوڕوکچەکەی سەهۆڵەکە، کە تەنها ڕاگەیاندنەکان وێنەیان ئەگرتن و خەڵک ئەوەندە بایەخی بۆی نەبوو، بەڵام ڕاگەیاندنەکان، لە مەوعیدی خۆیاندا بە لێشاو لەوێ بوون و لەوەدا بوو فیتنەیەکی کۆمەڵایەتیی گەورەشی لێ بکەوێتەوە.. دواتر نمایشی تەراویح و کچەکەی ئەکوا پارکی هەولێرو زۆرێکیتریش لەو ڕووداوە بێ بایەخانە لە بەرژەوەندیی دەسەڵات تەبەنیی کران بە قەبارەی زۆر گەورە .

بەگشتیی لەبەرئەوەی میدیای کوردی سەربەخۆیی دارایی نییە. ناتوانێت بگاتە سەروو دەسەڵات و هەوڵی ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمداری بدات.. لەبەرئەوە لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا، لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا ئێستا لە سنوری " العین و بالعین" لامان نەدابێت و شەڕە عەشایەرییەکان بەردەوام بێت، بەهۆی نەمانی متمانە بە قەزاوە.. لە کۆمەڵگەی ژنکوژو خەسێنراوی ژێر مەرجەکانی بانکی نێودەوڵەتیدا، کە پێش هەر شتێک خوێندن و زانست ئەبن بە قاصەی خۆتێرکردن.. چاوەڕوانی میدیایەکی دروست و سەربەخۆو ئازادی لێ ناکرێ .



ڕیکلام