دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هەڕەشە لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی دەکات

  2021-05-30  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لێپرسراوێکی باڵای دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هۆشداری دایە کاندیدەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەی هێڵە سورەکانی کۆماری ئیسلامی نەبەزێنن.

ئاژانسی هەواڵی میزان ئۆنلاین، کە ماڵپەڕی فەرمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە، لە زاری عەلی قاسی میهر داواکاری گشتی تارانەوە بڵاویکردەوە، پێویستە لەسەر کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران هێڵە سورەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەبەزێنن لە کاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا.

ئێرانییەکان کە لە ڕۆژی ١٨ی حوزەیراندا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بۆ جێگرتنەوەی حەسەن ڕۆحانی، کە دوو خول سەرۆکی ئێران بووە و دەستور ڕێگری لێ دەکات بۆ خولی سێهەم خۆی کاندید بکاتەوە.

قازی میهر جەختیکردووەتەوە، ئەوان سورن لەسەر گرنگیپێدان بەو بابەتە، هۆشداریشی داونەتێ کە هیچ هێرشێک نەکەنە سەر ناو ناوبانگی دەسەڵاتی دادوەریی، کە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکایەتی دەکات و کاندیدیشیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران و چاوەڕوانیش دەکرێت پۆستەکە بەدەستبهێنێت.

هێڵە سورەکانیش بەلای دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە ئێران برتین لە گومانکردن لە بنەما سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی یان بنەمای ویلایەتی فەقیهـ، کە دەسەڵاتی ئایینی کۆنترۆڵی هەموو لایەنێکی سیاسی کردووە لە وڵاتەکەدا و دەستی بەسەر هەموو شتێکدا دەڕوات.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران دەستی پێکرد، لە کاتێکدا وڵاتەکە بە قەیرانێکی قوڵی ئابوری و کۆمەڵایەتی مەترسیداردا تێپەڕ دەبێت.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٧دا ئیبراهیم رەئیسی لە ٣٨%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی وڵاتەکەی بەدەستهێنا لە بەرامبەر حەسەن ڕۆحانی ڕکابەری.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئیران، سنوری گوتاری سەرۆکایەتی دیاریکرد، لەو چوارچێوەیەشدا فەرمانیکرد، بە جەختکردنەوە لە بابەتە ئابورییەکان، بە تایبەت کێشەی بێکاری لاوان و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەی چینی هەژار و کەمدەرامەتی ئێران، کە هەردووکیان کراونەتە دوو بنەمای سەرەکی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

ماوەی چەند مانگێکە دەسەڵاتدارانی ئێران، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن بەشدارییەکی فراوان بکەن لە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیان، کە چاوەروانیش دەکرێت ڕێژەی بەشداری لە چاو ساڵانی ڕابردوودا کەمتربێتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە ٥٧%ی دەنگدەرانی ئێران بەشداریان نەکرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا کە ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، زۆربەی میدیاکانی ئێران لە زاری  حسین ئاشتەری فەرماندەی پۆلیسی وڵاتەکەوە بڵاویانکردەوە، هەر کەسێک پێشێلی پێوەرەکانی هەڵبژاردن بکات و هانی خەڵک بدات بۆ ئەوەی بەشداری دەنگدان نەکەن، دەستگیر دەکرێن و ڕێوشوێنی یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر.

 

  



ڕیکلام