نوێترین هەڵویستی حکومەتی عێراق لە بارەی فەرماندە دەستگیرکراوەکەی حەشد

  2021-06-01  | 
دۆسیە:  حەشدی شەعبی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی عێراق جارێکی تر باسی دۆسیەی دەستگیرکردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی هێنایەوە بەر باس و رایگەیاند، ناشێت هیچ لایەنێک ململانێی هێز و دەسەڵات و حوکمی حکومەت بکات.

حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، ئەم ساڵەی بەسەر حکومەتدا تێپەڕبووە بە هیچ شێوەیەک ئاسان و ساکار نەبووە.

دەربارەی دۆسیەی فەرماندە دەستگیرکراوەکەی حەشدی شەعبیش وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، سەرۆک وەزیران بە دانایی و دانبەخۆدا گرتندا کێشە و قەیرانەکانی هەفتەی ڕابردووی چارەسەر کرد.

حەسەن نازم هەر لەو بارەیەوە  ئاماژەی بەوەکرد، هەفتەی ڕابردوو دۆخێکی قورس بووە، لە ئێستادا کێشەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە لە لایەن هۆبەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیدا هەر لەو بارەیەوە وتی " هەر کێشەیەک کە هەواڵەی لێکۆڵینەوە دەکرێت، چاوەروانی ئەنجامەکەی دەکەن، دەسەڵاتی دادوەریی بڕیاری لەبارەوە دەدات".

ڕوونیشیکردەوە، حکومەت هەموو پێشێلکاری و یاساشکێنییەکان دوای لێکۆڵینەوە ئاراستەی دەزگای دادوەریی دەکات.

وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختیکردەوە، حکومەت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بەو جۆرە پێشێلکاریانە نادات و نابێت هیچ لایەنێکیش ململانێی توانا و حکوم و بڕیارەکانی حکومەت بکات.

حەسەن نازم ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت پەنای برد بۆ دانایی و دانبەخۆدا گرتن و پشتبەستن بە دەسەڵاتی دادوەریی، بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکان.

لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەیدا وتەبێژی حکومەتی عێراق روونیکردەوە، سەرۆک وەزیران جەختیکردووەتەوە، پێویستە هێزە سیاسییەکان خۆیان بەدوور بگرێت لەوەی حکومەت لە موزایەدەی هەڵبژاردنەوە بگلێنن.

ئەو وتانەی  وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردوو هێزێکی تایبەت بە فەرماندەی ئەبوڕەغیف سەرۆکی لیژنەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا قاسم موسڵیح، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکە دەستگیر کرد.

دوای دەستگیرکردنی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبیش، بەشێک لە لایەنگران و هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی بە هێز و چەکی سوک و مامناوەندییەوە، هەڵیانکوتایە دەوروبەری ناوچەی سەوزی بەغدا و هەڕەشەیان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و داوایانکرد دەستبەجی فەرماندەکەیان ئازاد بکات.

دوای هاتنی ئەو چەکدارانە حکومەت هێزێکی ئەمنی زۆری لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز جێگیر کرد، دواتر سەر لە ئێوارەش بۆ زیاتر کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە، تانک و زریپۆشی لە ناوچەی سەوزی بەغدا جێگیر کرد.



ڕیکلام