یەکێک لە دامەزرێنەرانی حزبوڵای لوبنان بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد

  2021-06-07  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
عەلی ئەکبەر موحتەشیمی پور، کەسایەتی ئایینزای شیعە، کە پێشتر وەک باڵیۆز ئێران لە سوریا کاریکردووە و بەشدار بووە لە دامەزراندنی حزبوڵای لوبنان، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆچی دواییکرد.

پور کە بەشداربووە وەک کەسێکی سەرەکی لە دامەزراندنی حزبوڵای لوبنان و پێشتردەستی راستی لە تەقینەوەیەکدا پەڕیوە، کە وەک دەوترێت بە دەسیسەی ئیسرائیل ئەنجامدراوە.

موحەتشیمی پور، هاوپەیمانێکی زۆر نزیکی ئایەتوڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئێران بووە، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا بەشداری بەرچاوی هەبووە لە ڕێکخستنی هاوپەیمانێتی لە نێوان گروپە ئیسلامیەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دوای شۆرشی ئیسلامی بەشدار بووە لە دامەزراندنی سوپای پاسدران، بەو پێیەی باڵیۆزی ئێران بووە لە سوریا، هێزی هێناوەتە ناوچەکە بۆ هاوکاریکردنی دامەزراندنی حزبوڵای لوبنان.

لەم چەند ساڵەی دوایدا موحەتشیمی چووەتە پاڵ  ڕیفرۆمخوازەکان، بە ئامانجی ئەنجامدانی چاکسازی لە ناوخۆیی سیستمی ئایینی ئێراندا.

هاوکات لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆیی ئیران، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ و دوابە دوای هەڵبژاردنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران بەرپابوو، پشتیوانیەکی بەهێزی کردووە لە هەردوو سەرکردەی ڕیفرۆمخوازەکان میر حسین موسەوی و مەهدی کەروبی.

 



ڕیکلام