لە دوو هێرشی ئیسرائیل بۆسەر سوریا 15 چەکداری سەربە ئێران کوژران

  2020-06-28  | 
سوریا
هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە سنورییەکانی سوریا و عێراق
ئەسۆشێتدپرێس
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوو جار هێرشیانکردە سەر ناوچە سنورییەکانی سوریا و عێراق و لە ئەنجامی هێرشەکانیش ١٥ چەکداری سەربە ئێران کوژران.

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیڵ هێرشێکیان بۆ سەر پێگەکانی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، لە گوندی عەباس لە نزیک ئەبوکەمال ئەنجامداوە و لەئاکامدا شەش چەکداری ئەو گروپانە کوژراون.

ئاماژی بەوەشکردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی٦ی٢٠٢٠، جارێکی تر فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیڵ هێرشیانکردووەتەوە سەر ئەو ناوچەیە و لە ئەنجامی ئەو هێرشەش نۆ چەکداری گرووپەکانی سەربە ئێران کوژراون.

ئەم هێرشانەی ئیسرائیڵ دوای ئەوەدەێت کە دوێنێ شەممە، ماڵپەڕی تەسنیم، زمانحاڵی سوپای پاسدارانی ئێران لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ئیسماعیڵ قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانی سنورەکانی عێراق و سوریا و ناوچەی ئەبوکەمالی کردووە، بەڵام دوای چەند خولەکێک هەواڵەکە لەسەر ماڵپەڕی تەسنیم لابرا.



ڕیکلام