کێشەی ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەرێم بۆ عێراق چارەسەر کرا

  2021-06-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رایگەیاند، دوای لێکتێگەیشتن لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاستەنگەکان لا براون و گواستنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق چارەسەر کراوە.

ئەمڕۆ شەممە حسێن حەمە کەریم وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی باسی لەوەکردووە، لەئیستادا کیشەی رێگریکردن لە بەرهەمی هەرێم بۆ عێراق نەماوە و لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاستەنگەکان لا براون و گواستنەوەی بەرھەمی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق چارەسەر کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو وەزیری کشتوکاڵی ھەرێم و بەغدا لێکتێگەیشتن پەیدا بووە و ئاستەنگەکانی بەردەم ھەناردەکردنی بەرھەمی ھەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق لا براون.

حسێن حەمە کەریم ئەوەشی خستوەتەڕوو، ناوە ناوە لەلایەن بازگەکانی عێراق کێشە و ئاستەنگ بۆ گواستنەوەی بەرھەمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، چونکە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان خواستی زۆری لەسەرە و لە کاتی زیادبوونی بەرھەم لە لایەن جووتیاران و بازرگانان دەگوازرێنەوە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.

لەماوەی رابردوودا، لەلایەن بازگەکانی سنووری عێراق و هەرێمەوە لەلایەن هێزی عێراقییەوە رێگری لە تێپەڕبوونی بەروبوومی بەشێک لە بەرهەمەکانی جوتیارانی هەرێم و بەتایبەتیش سلێمانی بۆ پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرا.



ڕیکلام