شاندە نێودەوڵەتیەکە لە سلێمانى: سبەى ڕێپیوانێکى جەماوەرى ساز دەکەین

  2021-06-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو شاندە نێودەوڵەتییەی لە هەولێر ڕێگرییان لێکرا لە سلێمانی ڕایدەگەیەنن، دامەزراوەکانی پارتی لە هەولێر ڕێگرییان لێکردون هەڵویستى خۆیان دژى داگیرکاریەکانى تورکیا ڕابگەیەنن.

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا دەڵێن: داگیرکارى تورکیا پێشێلکردنى ئاشکراى یاسا نێودەوڵەتیەکان و ئێمە نیگەرانین لە بێدەنگى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە ئاست پێشێلکاریەکانى تورکیا و هیچ کاردانەوەیەکى نیە بۆ ناچارکردنى تورکیا بۆ پابەندبون بەیاسا نێودەوڵەتیەکان و پێشێلکردنى یاساکانى مافى مرۆڤ.

 دەشڵێن: سبەى لەشەقامى سەهۆڵەکەى شارى سلێمانى ڕێپێوانێکى جەماوەرین دژى داگیرکاریەکانى تورکیا ئەنجامدەدەن.

هاوکات، داواى دەستبەجى وەستاندنى داگیرکارى و گۆڕانى دیموگرافى و ناهەموارى و پاکتاوى نەژادى لەلایەن هێزەکانى تورکیاوە لە باشورى کوردستان دەکەن.

ئەوەش دواى ئەوەدێت، لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا، لە ١٤ وڵاتی جیهانەوە، لە پەرلەمانتارانی یەکێتی  ئەوروپا و سیناتۆر و ڕۆشنبیر و میدیاکاران خۆبەخشانە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ ئیدانەکردنی لەشکرکێشییەکانی تورکیا و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی بەڵام لە هەولێر تەوق دراون و ڕێگەیان پێنەدرا، هیچ چالاکییەک ئەنجامبدەن.

دەقى بەیاننامەى شاندەکە 
بۆ ڕایگشتى و میدیاکان :

ئێمە وەکو نوێنەرایەتى وڵاتانى ئەوروپا هاتوینەتە هەرێمى کوردستان، بۆ ئاشتى و ئازادى کۆمەڵێک لە چالاکوانانى مافى مرۆڤ و ڕۆژنامەنوس و ژینگە دۆست و پەرلەمانتار لە 14 وڵاتى ئەوروپاوە هاتوین و دەمانەوێت ڕێگرى لە جەنگ و کاولکارى بکەین لە هەرێمى کوردستان .

ئێمە ویستمان لەگەڵ ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان و لایەنەسیاسیەکان و ڕێکخراوەکان کۆببینەوە، بەمەبەستى دروستکردنى دیالۆگ لە نێوان سەرجەم لایەنەکان بۆ بەرگریکردن لە کوردستانیان و ریگرى کردن لە جەنگ .

ویستمان بەیاننامەیەک لەبەردەم بارەگاى سەرەکى نەتەوەیەکگرتوەکان بخوێنینەوە و سەردانى گوندەوێرانەکان و قوربانیانى جەنگ بکەین، بەڵام لەلایەن دامەزراوەکانى پارتیەوە ڕێگریمان لێکرا، لەسەر پێخستنى دیالۆگ لە نێوان زۆرینە بڕیاردەرە سیاسیەکانى باشورى کوردستان .

ئەو ڕێکخراوانەى کە پلانمان هەبوو سەردانیان بکەین ترسێنرابوون، بەوەى کە لە کۆبونەوەکانیان لەگەڵ ئێمەدا بکشێنەوە .

بەشێکى زۆرى نوینەرایەتیەکانمان نەیانتوانى بێنە هەرێمى کوردستان 50 کەسیان لە فڕۆکە خانەى نێودەوڵەتى هەولێر دیپۆرت کران و گەڕێندرانەوە وڵاتەکانى خۆیان .

27 کەسى تریش لە وڵاتى ئەڵمانیا ڕێگریان لێکرا لەڕێگەى فڕۆکەخانەوە بێنە هەرێمى کوردستان، ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە ئەم ڕێگرییانە هیچ بنەمایەکى یاساییان نیە .

ڕۆژى دوو شەممە پاش ڕاگەیاندنى دەستپێشخەرى بەرگرى لە هەرێمى کوردستان دژى داگیرکارى و ژیردەستەکانى کوردستان، ئێمە ڕێگرییمان لێکرا لەسەردانیکردنى بنکەى سەرەکى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر و لەلایەن هێزەکانى ئاسایشەوە لەبەردەم ئۆتێلەکەم گێچەڵمان پێکرا .

ئێمە بەتوندى ئیدانەى ئەم کارە سەرکوتکارانەى پارتى دەکەین، ئێمە هاتوین بۆ کوردستان هیوا خوازبون وەکوو میوان پێشوازیمان لێبکرێت، بەڵام وەکوو تاوانبار مامەڵەمان لەگەڵ کرا .

شایەنى باسە، داگیرکارى لەىشگرى تورکیا پێشێلکردنى ئاشکراى یاسا نێودەوڵەتیەکان و ئێمە نیگەرانین لە بێدەنگى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لە ئاست پێشێلکاریەکانى تورکیا و هیچ کاردانەوەیەکى نیە بۆ ناچارکردنى تورکیا بۆ پابەندبون بەیاسا نێودەوڵەتیەکان و پێشێلکردنى یاساکانى مافى مرۆڤ .

بۆ بەدەستهێنانى پابەندبونى دەستبەجێى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر خاکى هەرێمى کوردستان و کشانەوەى هەموو هێزەکانى تورکیا و بەکرێ گیراوەکانى ئەو وڵاتە داوا دەکەین:

1- وەستاندنى دەستبەجێى داگیرکارى و گۆڕانى دیموگرافى و ناهەموارى و پاکتاوى نەژادى لەلایەن هێزەکانى تورکیاوە لە باشورى کوردستان.

2- وەستاندنى هەموو جۆرە هاوکاریەکى هێزە نێودەوڵەتیەکان و هەرێمیەکان لە جینۆسایدکردنى کوردستاندا.

3- سەرجەم حیزب و دامەزراوە و ڕێکخراوەکان و هاووڵاتیان بۆ پشتگیرى گەریلا و داگیرکارى دەوڵەتى تورکیا.

4- نەخێر بۆ پاوانخوازى و عوسمانى نوێ لەلایەن ئەردۆغانەوە لە تەواوى دەریایى ناوەڕاستدا.



ڕیکلام