عەلی حەمەساڵح لەبارەی نەمانی لێبڕینی موچەوە زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

  2021-06-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە لەدەرەوەی یاسای بودجەیە و ئەگەر جێبەجێبرێت ئەوا رێککەوتنێکی نوێیە، دەشڵێت، "ئەم رێککەوتنە زۆر باشترە لە یاسای بودجە، ھەرچەندە لە شکلیشدا وا پیشانبدرێت بەشێکە لە یاسای بودجە بەڵام بەشێک نییە لەیاسای بودجە".

عەلی حەمەساڵح ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی خۆی باسی لەوەشکردووە، ئەگەر ڕێککەوتنەکە نوێیە  کە ٢٠٠ ملیار رەوانەی هەرێم دەکرێت ئەوا پێویستە پاشەکەوت لاببرێت، چونکە لابردنی پاشەکەوت ١٨٦ ملیار دیناری دەوێت.

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەر سێ هۆکار ناردنی ئەم بڕە پارەیە بەشێک نییە لە پرۆژە یاسای بودجە هۆکارەکانیش بریتین لە، یەکەم، لە یاسای بودجەی ٢٠٢١دا، بڕی دیاری کراو نیە بۆ ھەرێم ، بڵێ(٢٠٠ ملیار دیناری) مانگانە، چونکە پشکی ھەرێم بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ناوخۆی ھەرێم دیاری دەکرێت، ھەموو گرانبونێکی نرخی نەوتیش پشکی ھەرێم کەم دەکات، دووەم، بەپێی یاسای بودجە، ھەرێم دەبێت بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی سێ بڕە پارە بدات.

هۆکاری سێیەمیش، عێراق بۆ خەرچی مانگانەی پشت بە بودجەی پەسەندکرا نابەستێت، بەڵکو کار بە ( انفاق فعلي) دەکات، واتە: ئەو داھاتەی دەستی دەکەوێت و ئەو خەرجیەی لە مانگێکدا دەیکات، بەمەش ھەم پشکی ھەرێم کەمتر دەبێت لە وەی بودجە دیاریکراوەو پەسەندکراوە، ھەم ھیچ ژمارەیەکی جێگیر نیە.

ئەوەش دوایى ئەوە دێت، خالید شوانى وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى دانوستان لەگەڵ بەغدا کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری هەرێمیشە رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بودجەی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تائێستا پشکى هەرێم نەنیردراوە و بەرپرسانى هەردوولاش یەکترى بەجێبەجینەکردنى ڕێککەوتنەکەى نێوانیان تۆمەتبار دەکەن.

پشکى هەرێم لە بوجەى عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکان. 



ڕیکلام