لیژنەی هەڵبژاردنەکانی ئێران: ئیبراهیم رەئیسی لە 62%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە

  2021-06-19  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران، ئیبراهیم رەئیسی، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا توانیویەتی لە ٦٢%ی دەنگەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

جەمال عورف، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٨ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگ، ئیبراهیم رەئیسی توانیویەتی زیاتر لە ١٧ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگ بە دەست بهێنێت.

ئەو ئەنجامە لە کاتێکدایە، زیاتر لە ٥٩ ملیۆن کەس لە هاوڵاتیانی ئێران مافی دەنگدانیان هەبووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ عەبدولناسر هیمەتی کاندیدی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران، دانی نا بە شکستی خۆیدا و ئەمڕۆ شەممە پیرۆزبایی لە ئیبراهیم رەئیسی ڕکابەری کرد، کە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە .

هەر لەو چوارچێوەیەدا موحسین رەزائی، یەکێکی دیکە لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، دانی نا بە شکستی خۆیدا و بە هەمان شێوە پیرۆزبایی لە رەئیسی کرد .

لە لایەکی ترەوە حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، سەرۆکی هەڵبژێردراو ناسراوە و پیرۆزبایی لێ دەکات، دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە فەرمی ڕادەیەندرێت.



ڕیکلام