وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی نەوت لە مانگی رابردوودا دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار بووە

  2020-07-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراوی لە مانگی رابردوودا راگەیاند، داهاتی نەوت لەو مانگەدا گەیشتووەتە دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار.

لە راگەیەندراوێكدا عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتەكە ئاماری فرۆشتنی نەوتی مانگی حوزەیرانی ئاشكراكرد و دەڵێت لەو مانگەدا: كۆی گشتی نەوتی هەناردەكراو گەیشتووەتە 84 ملیۆن و 490 هەزار و 194 بەرمیل.

وەزارەتەكە لەبارەی كۆی داهاتەكەی دەڵێت ئەو نەوتەی فرۆشراوە بە نرخی تێكڕای نەوت لە مانگەكەدا كە یەك بەرمیل نەوت بە 33 دۆلار و 86 سەنت فرۆشراوە کۆی داهاتەکەی دەكاتە دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هەزار دۆلار.

ئەو لەبارەی وردەكاری كێڵگەكانی نەوتەوە دەڵێت، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، گەیشتووەتە 81 ملیۆن و حەوت هەزار و 675 بەرمیل .

هاوكات هەر لەو ماوەیەدا بڕی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 482 هەزار و 519 بەرمیل.

بەشێوەیەكی تێكڕا هەناردەی رۆژانەی نەوت دوو ملیۆن و 816 هەزار بەرمیل بووە و لەو رێژەیەش، دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە بەندەرەكانی بەسرە و 116 هەزار بەرمیل لە كێڵگەكانی كەركووكەوە رۆژانە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، هەناردەكراون.

ئەوە لە كاتێكدایە بۆ مانگی ئایار كۆی ئەو بڕە نەوتەی هەناردەی كردبوو 99 ملیۆن و 585 هەزار و 283 بەرمیل بوو كە داهاتەكەی 2 ملیار و 136 ملیۆن و 83 هەزار دۆلار بووە.

بەوەش تێكڕای داهاتی نەوت گەرچی بڕێكی كەمتریش هەناردە كراوە، بەڵام بەراورد بە مانگی پێشووتر داهاتەی كەبەرز بووەتەوە.


ڕیکلام