بۆ كۆتایی بە كێشەكانیان كازمی كۆبوونەوەی بە حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر كردووە

  2020-07-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەكی ئاگادار ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی لەگەڵا سەركردەكانی حەشدی شەعبی و دەزگای دژەتیرۆر كردووە، بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی نێوانیان .

میدیا عێراقییەكان لەزاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت بڵاویانكردەوە، كۆبوونەوەكەی كازمی لەگەڵا سەركردەكانی حەشدی شەعبی و دەزگای دژەتیرۆر ، بە ئامانجی كۆتایی هێنان بووە بەو ناكۆكییەی كە لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە نێوان ئەو دوو هێزەدا هاتە ئاراوە .

بە گوتەی سەرچاوەكە، كازمی لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردووەتەوە لە گرنگی ئەو دوو دەزگایە بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە لە ئازادكردنی ئەو ناوچانەی  عێراق كە كەوتبووە دەستی داعش .

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كازمی جەختیكردووەتەوە لەوەی نابێت جیكاری بكرێت لە نێوان سوپاو پۆلیس و حەشدی شەعبی و هێزەكانی دژەتیرۆر .

هەفتەی ڕابردوو لە ئۆپراسیۆنێكدا هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق، لە ناوچەی دۆرەی باشوری بەغدا هەڵیانكوتایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی حبزبوڵای عێراقی كە یەكێكە لە گروپە دیارەكانی ناو حەشدی شەعبی و ژمارەیەكیان لێ دەستگیر كردن .

گوایە لە كاتی هەڵمەتەكەدا ئەو گروپە چەند موشەكێكیان ئامادە كردووە بۆ هێرش كردنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا، كە چەندین بارەگای حكومەت و باڵیۆزخانە و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لێیە .

دوای ڕوداوەكەش وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، چیتر ڕێگە نادرێت ئیرادەی دەوڵەت سوكایەتی پێبكرێت و بە لاواز سەیری بكرێت .



ڕیکلام