سوریا: بڕینی ئاوی حەسەکە لە لایەن تورکیاوە تاوانی جەنگە

  2021-06-27  | 
دۆسیە:  سوریا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حکومەتی سوریا جارێکی تر ئیدانەی هەڵسوکەوتەکانی حکومەتی تورکیای کردەوە، کە هەستاوە بەبڕینی ئاوی پارێزگای حەسەکە و بە کارێکی تاوانکارانە و تاوانی جەنگی لەقەڵمداوە.

لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی سوریا بڵاویکردەوە، ئیدانەی ڕژێمەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەن کە سیاسیەتی نا مۆراڵی پەیرەو دەکات، سەبارەت بە بڕێنی ئاوی وێستگەی (عەلوک) بۆ ٢٥ هەمین جار، کە بە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن هاوڵاتی پارێزگای حەسەکە دادەنرێت.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا لەزاری وەزارەتی دەرەوەیوڵاتەکەوە بلاویکردەوە، حکومەتی تورکیا هیچ گوێ نادات بە بانگهێشت و داوا نیودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە ناهەمواری و دۆخی ژیانی دانیشتوانی پارێزگای حەسەکە، کە لەم وەرزە گەرمەی ساڵدا ڕووبەڕووی تینویەتی کردوونەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سوریا ئەو کارەی تورکیای بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی لەقەڵەمداوە، چونکە پێشێلکارییەکی رەهای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سوریا ، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمینداریەتی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکان کردووە، دەستوەردانی بە پەلە بکەن، بۆ پابەندکردنی دەسەڵاتدارانی تورکیا، بۆ ئەوەی ڕێز لە ساکارترین بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی بگرن و دووبارە وێستگەی عەلوک بخەنەوە گەڕ و ئاوی پێویست لە ڕوباری فوڕاتەوە بەربداتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنی میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، وێستگەی ئاوی عەلوک لە ریڤی حەسەکە بە تەواوی لە کار وەستاوە، ئەوەش بەهۆی دەستدرێژییەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەکە.

 



ڕیکلام