سێ‌ تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی شار دەستگیرکران

  8   کاتژمێر پێش ئێستا  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، سێ‌ تۆمەتبار لەسەر ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی نەخۆشخانەی شار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمان و بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دەستگیرکران.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو پاش کاتژمێر 12 ی نیوەی شەو سێ‌ كەس بەمەبەستی سەردانیکردن دەچنە نەخۆشخانەی شار. بەهۆكاری ئەوەی سەردانیكردن بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكان لەو کاتەدا ڕێگە پێدراو نییە ، کارمەندی پاسەوانی بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانە ڕێکاری گونجاو دەگرێتە بەرو ڕێگرییان لێدەكات ، لەگەڵ ئەوەدا کە دەستگیرکراوان یەکێکیان دور لە ڕاستی خۆی بە پزیشکی نەخۆشخانە دەناسێنێت و یەکێکیشیان لەژێر کاریگەری مەی نۆشیدایە ، گرژی و ئاڵۆزی دەخوڵقێنن و هێرش دەكەنە سەر کارمەندەکەمان و یەكێكیان چەكی كارمەندەکە دەڕفێنێت و تەقە دەكات و هەڵدێت.

دەستبەجێ‌ لەلایەن بنکەی پۆلیسی نەخۆشخانەوە دووان لە تۆمەتبارەكان دەستگیرکران و لەماوەیەكی زۆر كەمیشدا تۆمەتباری سێیەم لە لایەن مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە لە گەڕەكی كوردستان دەستگیركرا.

لە ئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران :
س ، س لەدایكبووی 1969
ب ، س ، س لە دایكبووی 2006
ب، س، س لەدایكبووی 2004 
بەبڕیاری بەڕێز دادوەر بەپێی ماددەی (٣١/٤٠٥) لەیاسای سزاکانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە .


ڕیکلام