مەزڵوم کۆبانێ داوایەک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات

  2021-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئەمڕۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رۆما کۆدەبێتەوە و داوا لەهاوپەیمانیەتییەکە دەکەن هاوکار بێت لەدابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پەرەپێدانی دۆخی ئابووری ناوچە ئازادکراوەکان، لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی دەستگیرکراوەکانی داعش.

مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەپێگەی فەرمی خۆی لەتویتەر باسی لەوەکرد،، ئەمڕۆ بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی بەرەوپێشچوون و قۆناغەکانی دیکەی روبەڕوبونەوەی داعش بۆ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی بەردەوام هاوپەیمانی دژی داعش کۆدەبێتەوه، دەشڵێت، "دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە دەیان هەزار ژن و منداڵ و چەکداری داعش لە کەمپەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و زیندانەکاندا ماونەتەوە." 

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریا دیموکرات ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ هاوپەیمانیەتییەکە کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ وڵاتەکانیان، دابینکردنی پاڵپشتیی خوێندن، بەرنامەی ڕیشەیی و بۆ نەهێشتنی بیری توندڕەوی.

بڕیارە ئەمڕۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەڕێوەبچێت و تیایدا، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرانی دەرەوەی 83 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانییەکە بەشدار دەبن و تاوتوێی مەترسییەکانی داعش لە عێراق و سوریا دەکەن. 



ڕیکلام