مانگی ڕابردوو داهاتی نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە

  2021-07-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی داهات و هەناردەی نەوتی خاوی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕی زیاتر لە ٨٦ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە و داهاتی زیاتر لە ٦ ملیار دۆلاری بۆ خەزێنەی دەوڵەت گلداوەتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، بڕی ٨٦ ملیۆن و ٧٦٥ هەزار و ٥٨٩ بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە کراوە و بڕی ٦ ملیار و ١٤١ ملیۆن و ٧٧ دۆلار داهاتی بۆ خەزینەی دەوڵەت دابینکردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشورەوە بڕی ٨٣ ملیۆن و ٦٩٠ هەزار و ٣٥٢ بەرمیل نەوتی خاو هەناردە کراوە.

لە کیڵگە نەوتییەکانی کەرکوکیش، کە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، بڕەکەی گەیشتووەتە ٣ ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٢٣٧ بەرمیل.

ئاماژە بەوەشکراوە، تێکڕای ڕۆژانە بڕی ٢ ملیۆن و ٨٩٢ هەزار بەرمیل هەناردە کراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار و ٧٧ سەنت فڕۆشراوە.



ڕیکلام