تا ئێستا ئێران هیچ زانیارییەکی لەسەر تەقینەوەکەی شەوی ڕابردووی تاران بڵاونەکردووەتەوە

  2021-07-10  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
درەنگای شەوی ڕابردوو تەقینەوەیەکی گەورە لە باکوری شاری تاران ڕوویداوە، بەڵام تا ئێستا هۆکار و زیانەکانی تەقینەوەکە ئاشکرا نەکراوە.

حەمید رەزا گودەرزی جێگری حاکمی تاران بۆ کاروباری سەربازیی و ئەمنی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، تەقینەوەکە لە ناو پارکی گەورەی میللەت لە باکوری تاران ڕوویداوە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە دەکەن، تا بزانرێت تیرۆریستییە و هۆکاری روداوە و رەهەندەکانی چی بووە.

 لە لایەکی دیکەوە جەلال مەلەکی وتەبێژی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی تاران بە میدیاکانی ڕاگەیاند، دوای تەقینەوەکە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری گەیشتووەنەتە شوێنەکە.

لە لایەکی دیکەوە تەلەفزیۆنی ئێران بڵاویکردەوە، تەنێکی نەناسراو لە ناو پارکی میللەت تەقیوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی مادی و گیانی لێ بکەوێتەوە.

لە دوای ڕوداوەکەش هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ئێران لە شوێنی تەقینەوەکە بڵاوەیان پێکراوە.

هاوکات ئاژانسی فارس نیوز بڵاویکردەوە، دەنگی تەقینەوەی دیکەش لە خۆرئاوای شاری تاران بیستراوە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسەکان، تەقینەوەکەی شەوی ڕابردوو لە نزیک باڵەخانەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران و بینای ناوەندیی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازیی ئێران ڕویداوە.



ڕیکلام