وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، گەر ھاوڵاتیان سێ ئامۆژگاری و ڕێنمایی جێبەجێ بکەن، بەسە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا بکرێت .
ھەیسەم عوبەیدی بەڕێوەبەری بەشی خۆپارێزی تەندروستی لە وەزارەتی ژینگەی عێراق بە ئاژانسی ھەواڵی نیشتیمانی عێراقی رایگەیاند، تاکە چەکی وڵاتان و گەلەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە تایبەت کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا بە جێبەجێکردنی سێ ڕێنمایی دەبێت .
یەکەم وەرگرتنی فاکسین کە بەچەکێکی کاریگەر دادەنرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتاکە، دووەم پۆشینی دەمامک لە شوێن گشتییەکان و شوێنی کار، سێھەمیان، پابەندبوون بە خۆپارێزی و دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی .
عوبەیدی ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی ئەو سێ ڕێنماییە بەسن بۆ کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، بەتایبەت کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا، یاخود ئەو کۆرۆنا گۆڕاوانەی دیکە کە بەڕیوەن بێنە عێراقەوە .
داواشی لە ھاوڵاتیانی عێراق کرد پابەندی رێنماییەکان بن، بۆ ئەوەی بتوانرێت کۆنترۆڵی کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا بکرێت .
لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو لێپرسراوە باڵایەی وەزارەتی تەندروستی جەختیکردەوە، زیادبوونی ژمارەی تووشبوان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا، جێبەجێ نەکردنی ئەو ڕێنماییانە و سەردانی نەکردنی دامەزراوە تەندروستییەکانە، کاتێک کەسانی تووشبوو نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت .
داواشی لە ھاوڵاتیان کرد، ھەر کاتێک ھەستیان بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە کرد، سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستی خۆیان و پاراستنی تەندروستی کەسوکار و دەوروبەریان .