بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی: لەمڕۆوە ئاو بۆ زۆرینەی گەڕەكانی شاری سلێمانی دابیندەكرێتەوە

  2020-07-06  | 
تیشکۆ سدیق
دۆسیە:  سلێمانی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایگەیاند ئەو كێشەیەی دوێنێ لە بۆری سەرەكی گواستنەوەی ئاوی سلێمانی دروست بوو، توانیومانە بەشێكی زۆری چارەسەر بكەین بەو هۆیەوە توانیومانە ئاو بۆ بەشی زۆری گەڕەكەكانی شاری سلێمانی بگێڕینەوە.

سەربەست عسمان وتیشی، كێشەی ئاو وەك كارەبایە هەندێكجار بە بێ كەمتەرخەمی ئەو كێشانە روو دەدات و بەگوێرەی بەدواداچونەكان لەو رووداوەی دوێنێدا هیچ كەمتەرخەمیەك نەبووە، بۆیە 80%ی تواناكانی گواستنەوەی ئاومان خستووەتەوە كار، لە هەوڵداین تا سبەینێ سێشەممە 100% تواناكانی ئاو بگێڕینەوە بۆ هەموو شار، لەمڕۆوە بەگوێرەی سەرەی گەڕەكەكان دەست دەكەینەوە بە پێدانی ئاو بە ماڵان تێكچوونی ئەو سەرەیەش بۆخۆی كێشەیەكی دیكەیە. 
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی روونیشیكردەوە، دوێنێ لەسەرەتای رووداوەكە پێشبینیمان كردبوو كە هەفتەیەك شار بێ ئاو ببێت ئەوەش بەهۆی ئەوەبوو كە ترسابووین ئاو زیانی لە سویچ گێڕ و بۆرد و پێداویستیەكانی دیكە دابێت، بەڵام خۆشبەختانە زیانەكان بەو شێوەیە نەبوون. 
سەربەست عوسمان وتیشی: هەر دوێنێ دوای رووداوەكە پارێزگاری سلێمانی  نوسراوی بۆ وەزیری دارایی كرد و داوای ئەو بڕە پارەیەمان كرد كە بۆ زیانەكان دیاریمان كردبوو، هیوادارین بەزووترین كات ئەو پارەیەمان بۆ تەرخان بكرێت. 



ڕیکلام