وەزیرى دارایی چەند بڕیارێك بۆ خانەنشینان دەردەکات

  2023-01-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیرى دارایی و ئابورى حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بڕیارێک دەردەکات کە به‌وته‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی‌ "بۆ كارئاسانی و به‌دیجیتاڵیكردنی دۆسیه‌ و موچه‌ی خانه‌نشینان و كاراكردنی زیاتری دۆسییه‌ی شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و خه‌رجی سنوری پارێزگای سلێمانی و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاروباره‌ بانكیه‌كانه‌"..

وەزارەتی دارایی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە درێژەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ سلێمانی، ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، (٤و٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣) بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سەردان و کۆبونەوەکانى دوو ڕۆژى رابردوودیان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە کە دەستیان پێکردوە بۆ بەجێگەیاندنی دۆسییەی شەفافیەت لە داهات و خەرجی سنورەکە و ڕێکخستنەوەی ئیشوکارە بانکیەکانی سلێمانی و بەئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دیجیتاڵکردنی دۆسییەکانیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، هاوکات بە یاوەری هەریەک لە یاسین عەبدالواحید، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و دکتۆر ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی بانکی ناوەندی/ سلێمانی، بەسەردانێکی مەیدانیش بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی بەسەرکردەوە و بڕیایدا بە: 

یەکەم: بینای بەڕێوەبەرایەتییەکە بە تەواوی تەرخان بکرێت بۆ خانەنشینی و کاربکرێت بۆ کارئاسانی مامەڵە و سەردانی خانەنشینان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە.

دووەم: هەریەک لە بانکی باخان و بانکی کوردسات تێکەڵ بکرێن و لە چوارچێوەی یەک بانکدا ئیشوکارەکانیان ڕێکبخرێتەوە.

سێیەم: سەرجەم دۆسییەی خانەنشینان بەدیجیتاڵی بکرێت و شێوازی نوێ لە ئەرشیفکردنی دۆسیە و دیکۆمێنتەکان کارا بکرێت.

چوارەم: بە ئەلیکترۆنی کردنی موچەی خانەنشینان و دروستکردنی کارتی زیرەکی موچەکانیان کە وەزارەتی دارایی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردوە، قۆناغەکانی کاراتر و تەواو بکرێت. 

وەزارەتی دارایی لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "لەمیانی سەردانەکەدا بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری بەڵێنی دا بەپێی توانا و لە چوارچێوەی ڕێنماییەکان هاوکاری و پێداوییستییەکانی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە ''فەراهەم بکرێت


ڕیکلام