کاروان ئەنوەر: ناچاربووین سکاڵا تۆمار بکەین

  2023-01-15  | 
دۆسیە:  دادگای هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند: باس نیوزو چەند دەزگایەکی میدیای تر لە ھەولێرەوە، کۆمەڵێک راپۆرتی پڕ لە بوختان و قسەی ناڕاست و بێ بەڵگەیان لەسەر ئێمەو لقەکەمان ( لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان) بڵاوکردەوە

دەقی نووسینەکەی کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان:

ناچاربووین سکاڵا تۆمار بکەین!!

باس نیوزو چەند دەزگایەکی میدیای تر لە ھەولێرەوە، کۆمەڵێک راپۆرتی پڕ لە بوختان و قسەی ناڕاست و بێ بەڵگەیان لەسەر ئێمەو لقەکەمان ( لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان) بڵاوکردەوە..
بێگومان ئەم راپۆرتانە سەرلەبەریان لە راستیەوە دوورن، بەڵام لەچوارچێوەی ھەڵمەتێکی بەبەرنامەکراو بەمەبەستی بەگوندکردنی سلێمانی و شکاندنی ئێسکی میدیاو رۆشنبیری لەھەموو کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی ئەم درۆو دەلەسانە بڵاو دەکەنەوە.
زیاتر لە جارێک راپۆرتی لەم جۆرەیان بڵاوکردەوە، بەڵام ئێمە نەچوینە ئاستی ئەوان و خەڵکمان بە وەڵامو وەڵامکاری سەرقاڵ نەکرد، بۆیە وەک رێزێک لە پیشەکەمان و ناوبانگی لقەکەمان سکاڵای یاساییمان لەسەر باس نیوزو وشەنێت تۆمار کردو ئێستا سکاڵاکەمان گەشتوەتە دادگاکانی ھەولێرو با دادگا مەرجەع بێت و یەکلای بکاتەوە ئایا شەرەفی کار لای (باس و وشە) درۆو تۆمەت بەخشینەوەیە؟؟ یان کاری راستەقینەی میدیایە؟؟
ئێمە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی ئەو کەیسەین و ھیوادارین دادگای ھەولێر سەرجەم راستیەکان بۆ رۆژنامەنووسان و خەڵکی کوردستان یەکلا بکاتەوە..

کاروان انور
سکرتێری لقی سلێمانی
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
١٥/١/٢٠٢٣


ڕیکلام