دڵنیاین ناوی موشەکی کیشوەربڕت بیستووە

  2023-01-18  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڵام ئەی زانیوتە مەسرور بارزانی و براکەی داهێنەری گەندەڵیی کیشوەربڕن؟ ئەو پیاوەی لە کوردستان لە موچەی خەڵک دەبڕێت و لە دەرەوەی کوردستان دەیداتە ڤێلا لە ئەمریکا دراوسێی کیم کارداشیانە و لە بەریتانیاش دراوسێی شێخ مەنسوری ئیماراتە



ئێرە شاری مەیامی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکایە
یەکێکە لەو شارانەی گەشتیاران لەسەرانسەری ئەمریکا و جیھانەوە سەردانی دەکەن، بەهۆی کەش وهەواکەی
لێرە دەرمانخانەیەکی لێیە، کە گەورەترینی ناوچەکەیە،
کاتێک گەشتیارێک دێتە ئێرە و پێداویستییەک دەکڕێت، بەوە نازانێت کە پارەکەی دەچێتە گیرفانی کەسێک کە ١١ هەزار کیلۆمەتر لێوەی دوورە
دەچێتە گیرفانی کەسێک کە ٥ ساڵە سەرۆکی نیمچە حکومەتێکە و وێردی سەر زمانی بریتییە لە چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی، بەڵام گەندەڵییەکانی خۆی کیشوەربڕن

رۆژنامەی "زە ئەمریکان پرۆسپێکت" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، "لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی  لە میامی، دەرمانخانەیەک هەیە کە لەوانی دیکە ناچێت، بینایەکی شووشەیی ناوازەیە بەناوی دەرمانخانەی CVS 
ئەم بینا شوشەییە روبەرەکەی ١٢ هەزار پێ چوارگۆشەیە و نرخەکەی ١٨ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلارە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خاوەنی راستەقینەیەتی

هەر ئەوەندە، نییە

میدیا ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە تا ئێستا خانەوادەی بارزانی ٧٥ ملیۆن دۆلاریان لە کڕینی چوار موڵکدا خەرج کردووە لە ئەمریکا، دەشڵێت گرێبەستی ئەم موڵکە و موڵکەکانی دیکە کە کڕیویانە تەواویان واژووی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و موکسی بارزانی برای لەسەرە

ئەمە تەنها باسی موڵک بوو وەکو ڤێلا و دەرمانخانە و باڵەخانەی دیکە، بەڵام جگە لەوە، بەپێی هەمان ڕۆژنامەی ئەمریکی، بنەماڵەی بارزانی خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری خانوبەرەن لە ئەمریکا و سەروەتی کۆمپانیا ١.٢٧ ملیار دۆلارە

ئەمە یەکەمجار نییە دەستی بنەماڵەی بارزانی لە میدیایی ئەمریکیدا کەشف دەبێت، ساڵی ٢٠١٩ گۆڤاری (دێرت)ی ئەمریکی کە گەورەترین گۆڤاری بواری وەبەرهێنان و خانوبەرەیە لە ئەمریکا، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد کە بنەماڵەی بارزانی، بە دیاریکراوی خودی مەسرور بارزانی لە ناوچەی (بێڤرلی ھێڵز) بە بەهای ٤٧ ملیۆن دۆلار دوو ڤێلای کڕیووە

گۆڤارەکە هەر ئەوە نییە تەنها بە نوسینێک باسی کردبێت، بەڵکو تەنانەت ناو و کۆدی ڤێلاکانیشی دانراوە، ڤێلای یەکەم بەناوی بەناوی (مەیسن ٦١٣) ڕووبەرەکەی ١٨٥٠ مەتر چوارگۆشەیە و بەهاکەی ٢٧ ملیۆن دۆلارە، ڤێلای دووەم کە دەستەخوشکی ڤێلای یەکەمە، بەناوی (فووت هێڵ مانەر) ڕووبەرەکەی ١٠٢١ مەترە و بەهاکەی ٢٠ ملیۆن دۆلارە.

ئەو شوێنەی بارزانییەکان ئەو ڤێلایانەیان لێ کڕیووە، گرانترین ناوچەی نیشتەجێبوونی ئەمریکایە، لەو گەڕەکە مەسرور و براکەی، دراوسێی بنەماڵەی کارداشیانەکانن

ئەمریکا جێدەهێڵین، گەندەڵی کیشوەربڕ گەیشتە ئێرەش، مەنسور بارزانی لە گەڕەکی کینگزتن کە گرانترین گەڕەکی لەندەنە، ڤێلایەکەی بە بەهای ١٤ ملیۆن دۆلار کڕیووە بەناوی سودابە خۆشدەمانی هاوسەری دووەمی. لەو گەڕەکەدا مەنسور بارزانی دراوسێی هەریەکە لە (ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ) خاوەنی پێشووی یانەی چێڵسی و شێخ مەنسور ئالنەهیان جێگری سەرۆکوەزیرانی ئیماراتە

جگە لە کڕینی خانوو و ڤێلا و خەرجکردنی پارە بە وەبەرهێنان، ئەمانە فێریشین پارەی خەیاڵی لە قوماردا بدۆڕێنن، هەمان گۆڤار کە بەڵگەی کڕینی ڤێلاکانی بڵاوکردەوە، لە باسی سامانە خەیاڵییەکەی بنەماڵەی بارزانییدا دەڵێت، تەنها لە یەک شەودا لە گازینۆیەکی دووبەی، مەنسور بارزانی بڕی ٣٢٠ دەفتەر دۆلار دەدۆڕێنێت.

دوای ئەوەی کە باسکرا و بە بەڵگەوە سەلمێنرا، وا باشترە یەکەمجار مەسرور بارزانی کەمێک ئامۆژگاری خۆی و براکانی بکات، ئەوکات بێت و باسی کەمی داھات و ناڕوونی خەرجیی بۆ خەڵکی کوردستان باسبکات







ڕیکلام