بانكی ناوەندی: بەمزوانە دۆلار دەگەڕێتەوە نرخی فەرمی

  2023-01-22  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیحسان شەمران ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری ڕاگەیاندووە، ڕێوشوێنە نوێكان و ئەوانەی پێشوتریش بانكی ناوەندی و لایەنە پەیوەندیدارەكان گرتویانەتەبەر, نرخی دۆلار لەبازاڕی ڕەش دەگەڕێنێتەوە نرخی فەرمی, 1470 دینار بۆ هەر دۆلارێك.

رۆژنامەکە باس لەوەدەکات، دیناری عێراقی پاشەكشێی پێوانەیی لەبەرامبەر دۆلار تۆماردەكات, كە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتوەتە 1650 دینار بۆ یەك دۆلار, ئەوەش یەكەمجارە نرخی دینار دەگاتە ئەو ئاستە لەدوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە, لەساڵی 2003. 

ڕاوێژكاری بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە: هەندێك چاوەڕوان بوون بانكی ناوەندی پەلەنەكات لەجێبەجێكردنی مەرجەكانی بانكی فیدڕاڵی ئەمریكا لەفرۆشتنی دۆلار لەڕێی سەكۆی حەواڵەكان, كە بووە هۆی كەمبونەوەی خستنەڕووی دۆلاری فرۆشراو, سەرەڕای بونی خواستی زیاتر لەسەری لەبازاڕ, كە ئەوەش بووە هۆی بەرزبونەوەی نرخەكەی.

"بانكی ناوەندی لەكاتژمێرەكانی ڕابردودا دەستیكردووە بەجێبەجێكردنی ڕێوشوێنی نوێ‌, بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەت".

"مەرجی تێپەڕاندنی مامەڵەكانی هاوردەكردنی، بە ئەستۆپاكی باجدا هەڵوەشاندەوە, هەروەها تەواوكردنی ئەماناتی باج و تاریفەی گومرگی هەڵوەشاندەوەو, هەردوو فەرمانگەی باج و گومرگیش ئەركەكانی خۆیان بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەبەن, بۆ باشكردنی كاری پەنجەری فرۆشتنی دراو بۆ كڕیارانی دۆلار".   

"بانكی ناوەندی كێشەی نییەو یەدەگی دراوی كاشی بیانی 90 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە, كە بەرزترین ئاستە پێی گەیشتبێت لەماوەی چەند دەیەیەی ڕابردودا".

"لەبەرۆشنایی ئەو ڕێوشوێنە تازانەو ئەوانەی پێشوتریش, پێشبینی دەكەین بەمزوانە دۆلار بگەڕێتەوە بۆ نرخی ئاسایی خۆیی, بەتایبەت كە بانكی ناوەندی داوای لەبانكەكانی هاوكاری كردووە ئاسانكاری بۆ ڕێوشوێنەكانی دانان و حەواڵەكردنی پارەی بازرگانەكان بكەن بۆ دەرەوە, ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت و, ئاسانكاری بۆ پرۆسەی فرۆشتن و حەواڵەكردن دەكات".

"هەڵمەتەكەی دوێنێی وەزارەتی ناوخۆ بۆ سەر ئەو كەسانەی كە بەهۆكاری هەڵبەزودابەزی دۆلار تۆمەتباری كردن, سەركەوتوو نەبوو لەڕاگرتنی بەهای دۆلار, لەكاتێكدا بازاڕەكانی عێراق بەتەواوی توشی داكشان و پەككەوتن بوون و, بەهۆی بەرزبونەوەو دابەزینی بەردەوامی دۆلاریش, نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو مامەڵەكانیان سنورداركردووە"