وەزارەتی بازرگانی لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتیانەوە دڵنیایی دەدات و دەڵێت، بەشەخۆراکی سێ مانگ لە کۆگاکان ئامادەیە و داوا لەهاوڵاتیان دەکەین ئەو بەشە خۆراکەی وەری دەگرن نەیفرۆشن
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەشەخۆراکی مانگەکانی (کانوونی دووەم، شوبات و ئادار) لە کۆگاکان ئامادەیە و مانگانەش بەسەر بریکارەکانی خۆراک دابەشدەکرێت.
بەڕێوەبەری بازرگانی سەبارەت بەکاریگەری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان دەڵێت، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بەهۆی بەرز و نزمی بەهای دۆلارەوە ماددە خۆراکییەکانی بەشەمانگانە کە وەریدەگرن نەفرۆشنەوە .
دەشڵێت، بۆ ئەوەی نرخی ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕدا زیاتر بەرزنەبێتەوە و هاوڵاتیان ناچارنەبن پێداویستی خۆیان بە نرخی زیاتر لە بازاڕدا بکڕن، پەلەدەکەن لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لەکاتی خۆیدا، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سوودی لێوەرگرن و بۆ خۆراکی رۆژانەیان بەکاریبهێنن.