چاوەڕواندەکرێت لەرۆژانی داھاتوودا فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران بە نرخی بانکی ناوەندیی لە نوسینگەکانی ئارتی بانک لە ھەرێم و عێراق دەستپێبکاتەوە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران راگەیاند، لەگەڵ جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی قسەیکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، راگرتنی فرۆشتنی دۆلار لە نوسینگەکانی ئارتی بانک تەکنیکییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پشکەی ھەفتەی رابردوو لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دراوەتە بانکەکە سەرجەمی دراوە بە گەشتیاران و تەواو بووە، ئەم ھەفتەیەش دۆلاری دیکە دەدرێتە بانکەکە و پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە.
نەرمین مەعروف باسی لەوەشکرد، ئارتی بانک داوایکردووە ئەو بڕە پارەیەی ھەفتانە پێیان دەدرێت زیادبکرێت.
هەفتەی رابردوو فرۆشتنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی، لە ھەولێر و دھۆک بەھۆی سپیکردنەوەی پارەوە راگیرا، لە سلێمانی و بەغدادیش بەشێوەیەکی کاتی لە ئەمڕۆوە راگیرا.