ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا ئاشکرای دەکات، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی میتدا لە شاری سلێمانی، ئەندامێکی پەکەکە دەستگیراوە و براوەتەوە بۆ تورکیا.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا رایگەیاندوە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی "رەمەزان گونەش" ناسراو بە "شۆڕش/شۆڕشگێڕ"، بەپێی ئەو زانیاریانەی ئاژانسەکە بڵاوی کردوەتەوە "رەمەزان بەرپرس بووە لە ئەنجامدانی ١٢ هێرشی چەکداری بۆ سەر سەربازان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شارۆچکەی چەلێ سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان و تۆمەتبارە بە کوشتنی ٦٠ سەرباز و پۆلیس و گوندپارێز".
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردوە، ئۆپەراسیۆنەکەی دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت بۆ دەستگیرکردنی "رەمەزان گونەش" دوای یەک ساڵ لە چاودێریکردنی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر خاڵێکی دیاریکراو بووە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، گونەش ساڵی ٢٠٠٨ بووەتە ئەندامی پەکەکە و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای جۆلەمێرگ، باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و سووریا ماوەتەوە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ لەسەر سەرچاوە ئەمنیەکانی ئەو ولاتە ئەوەشی دەست کەوتوە، ئەو ئەندامەی پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ یەکەی هێزی تایبەتی پەکەکە هەڵبژێردراوە و لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٧ بەشداری لە ١٢ چالاکی سەربازی پەکەکە/ کەجەکە لە چەلێ کردووە.