کەمینەکان داوای کۆتاییهێنان بە نوێنەرایەتی ساختە دەکەن

  2023-03-13  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان

کەمینەکان نو‌ێنەرەکانیان لە پەرلەمان بە نوێنەری راستەقینە نازانن و 
داوای گۆڕانکاری و سەربەخۆی دەکەن
ئەمە پوختەی راپۆرتێکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بەم دواییانە پێیهەستاوە
نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان "یونامی" لە ماوەی رابردوودا هەستاوە بە ئەنجامدانی چەند گفتوگۆیەک لەگەڵ کەمینەکانی کوردستان
ئەو کەمینانەی کە بەشدار بوون کریستیان و ئەرمەنی و تورکمانەکان بوون و 
لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەر یەک لە زاخۆ و کۆیە و کفریەوە بەشداربوون
سەرەتا، تیمێکی یونامی لە نێوان ٣١ی کانوونی دووەم بۆ ٨ی شوبات سەردانی کۆمەڵگەی کەمینەکانیان کردووە
دواتر لە ١٢ی شوباتدا ١٧ نوێنەری ئەو کۆمەڵگانە سەردانی هەولێریان کردووە و لەگەڵ کڵۆدیۆ کۆردۆن جێگری نوێنەری تایبەت بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاری هەڵبژاردنی یونامی کۆبوونەتەوە.
لە دوایین دانیشتندا نوێنەری کەمینەکانی کریستیان و ئەرمەنی و تورکمان بە کۆی دەنگ وتوویانە کە نوێنەری راستەقینەیان لە پەرلەمانی کوردستان نییە
ئەوان وتوویانە کە ئەو نوێنەرانەی بە دەنگی ئەوان چوونەتە پەرلەمان، کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هێزە سیاسییەکانی دیکە و داوای ئەوە دەکەن ئەو کاندیدانە هەڵبژێرن کە بەرگری لە مافەکانیان دەکەن.
سەربەخۆنەبوونی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش نیگەرانییەکی دیکەی کەمینەکان بووە
ئەوان وتوویانە کە کۆمیسیاران لەلایەن لایەنە سیاسیەکانەوە دیاریدەکرێن، کە ئەمە لە بەرژەوەندی خۆیان و زیانی کەمینەکانە.
هەروەها، لەو دانیشتنەدا، بەشێک لەو ١٧ نوێنەرە، داوایان کردووە کە چەند دادوەرێک وەک کۆمیسیار دیاریبکرێن بەو پێیەی دادوەر و دادگاکان سەربەخۆن.
بەشێکی دیکەش پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زیادبکرێت.
خاڵێکی ناکۆکی هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا سیستەمی بازنەکان بوو، کە یەکێتی لەگەڵ فرەبازنەیی و پارتی پشتگیری لە یەک بازنەیی دەکرد، بەڵام دواتر لەسەر فرەبازنەیی رێککەوتن.
زۆرینەی نوێنەری کەمینەکان لە کۆبوونەوەکەی یونامیدا پشتگیری هێشتنەوەی سیستەمی یەک بازنەییان بۆ کەمینەکان کردووە، بەڵام کریستیانەکانی سلێمانی و کۆیە و کفری بە پێچەوانەوە لەگەڵ فرەبازنەییدا بوون.
هەر لەو دانیشتنەشدا، کەمینەکان کاندیدە سەربەخۆکانیان بە باشترین نوێنەری خۆیان زانیووە، بەو پێیەی بە پێچەوانەی نوێنەرەکانی خۆیان، ناکەونە ژێر کاریگەری لایەنە سیاسییەکان.
رۆژی دەنگدانی تایبەت بەدوور نەبوو لە نیگەرانییەکانی کەمینەکان
ئەوان پێیان وابووە کە لەو رۆژەدا دەستکاری دەنگدان دەکرێت، پێشنیازی ئەوەشیان کردووە رۆژی دەنگدانی تایبەت هەڵبوەشێتەوە، و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا پێشوەختەی هاوڵاتییان دەنگبدەن، یاخود لە رۆژی دەنگدانی تایبەتەدا تەنها ئەو کەسانە بەشداربن کە لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا لە ئەرکدا دەبن.
بەو پێیەی بە تەواوی مافی کەمینەکان نەپارێزراوە، ئەوان داوایان کردووە کە لە پەرلەماندا بڕگەی تایبەتیان بۆ دابنرێت تا قەرەبوو بکرێنەوە.
ئەویش لە رێگەی کەمکردنەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران بۆ پێشکەشکردنی رەشنوسی پڕۆژە یاسا کە دەبێت ١٠ پەرلەمانتار بێت.
یاخود مافی ڤیتۆ بدەنە پەرلەمانتارە کۆتاکان تا لەو یاسایانەی پەیوەستن بە کەمینەکانەوە بەکاریبھێنن.
هەموو ئەمانە پێشنیاز و داوکاری نوێنەری کەمینەکانی کوردستانن کە نوێنەرایەتی٩٥٪ی کۆی کەمینەکان دەکەن
زۆرێک لەم داواکارییانە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوشدا هەبوون و کەمینەکان داوای مافەکانیان کردووە
لە کوردستان، کریستیان و ئەرمەنی و تورکمانەکان بەشی زۆرینەی کەمینەکان پێکدەهێنن
بەڵام، کاکەیی و ئێزیدییەکانیش بەشێکی دیکەن و ئەمان تا رادەیەکی زۆر پشتگوێخراون
بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ، یەکێتی پێداگری زۆری لەسەر مافی پێکھاتەکان کردووە
هەر چەندە کە لەگەڵ پارتیدا نەگەیشتونەتە رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەبارەی پشکی پێکهاتەکان
 بەڵام لێکتێگەیشتنێک هەیە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی کوردستاندا کۆببێتەوە و خۆیان بڕیاربدەن لەبارەی شێوازی دەنگدان و تۆمارکردنی دەنگەکانیان.
هەر ئەمساڵ، یەکێتی و خودی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پێداگیرییان لەسەر مافی کاکەییەکان لە پەرلەمانکردووەتەوە، لە بەرامبەریشدا پارتی داوای هەمان مافی بۆ ئێزیدییەکان کردووە.


ڕیکلام