ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی كۆبووەوە

  2023-03-14  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی کۆبووەوە و تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سەركەوتنی سیاسەتی یەکێتی لە ئاستی کوردستان و عێراقدا كرد.

راگەیەندراوی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی:

ئەمڕۆ (١٤/٣/٢٠٢٣) ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرکردایەتی سازکرا، وێڕای ڕێزگرتن لە یادی قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە کە تاوانێکی بێ وێنەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس بوو دژ بە گەلەکەمان، و ناردنی درود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کارەساتەکە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆڕاگری پارێزگاکە کرد بە بۆنەی بڕیاری بەرەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگای (١٩)هەمین لە عێراقدا، دەستخۆشی لە حکومەتی ئیتیحادی کرد کە رەمزیەتی ئەم بڕیارە قەرەبوویەکی مەعنەوییە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی شارەکە و هاندەریشە تاوەکو لە هەموو ئاستەکان قەرەبووی ئاوەدانکردنەوە و ساڕێژکردنی برینەکانی هەڵەبجە بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بە تێروتەسەلی گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق کرا، بە تایبەت پەیوەندی روو لە گەشەکردوی یەکێتی لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی کوردستان و بەغدا، لەم بارەیەشەوە هەڤاڵ بافڵ سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بە سەرکەوتنی سیاسەتی یەکێتی لە ئاستی کوردستان و عیراق کرد کە بەرهەمی یەک هەڵوێستی و یەک بڕیاری سەرکردایەتییە و بۆتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر لای دۆستەکانی یەکێتی لە ناوەوە و دەرەوەشدا.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر کاروباری رێکخراوەیی ئۆرگانەکان و رێوشوێنی پێشخستنیان، کرا.


ڕیکلام