موراد قەرەیلان وەڵامی بانگەوازەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دایەوە

  2023-03-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی بانگەوازەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی دایەوە لەبارەی یەكێتی نەتەوەییەوە و وتی، "داوا دەکەم نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەنە سەرەتای یەکێتیی نەتەوەیی"

موراد قەرەیلان باسی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كرد و وتی: لەم دواییەدا هاوسەرۆکی کەنەکە بەڕێز ئەحمەد کاراموس سەردانی باشووری کوردستانی کرد و هەندێک چاوپێکەوتنی ئەنجامدا، ئێمە ئەم کارە زۆر بە مانادار دەزانین، بێگومان لەم کاتەدا شتێکی زۆر بەنرخ و پێویستە، هەروەها بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەوازی بۆ یەکێتیی نەتەوەیی کرد، ئێمە ئەم بانگەوازەش بە واتا دەزانین و بەڕاستیش لەم کاتەدا گرنگترین پێویستی یەکێتیی نەتەوەیی گەلی کوردستانە، ئێمە وەک بزووتنەوە، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەسەر ئەم بنەمایە داوا دەکەم نەورۆزی ٢٠٢٣ بکەنە سەرەتای یەکێتیی نەتەوەیی، پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنن، ئەگەر هەندێک ناتوانن شان بدەنە بەر ئەوە با شانی نەدەنە بەر، نابێت ئێمە بەهۆی هیچ کەسێکەوە خۆمان سنوردار بکەین، نابێت بڵێین: ‘ئەگەر فڵان کەس نەیەت کارەکە نابێت’ نەخێر ئێمە وەک هێز و کەسانی کوردستانی لەسەر هێڵ و بنەمای نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی لە بەرامبەر جینۆساید و داگیرکاری و پاکتاوکاریدا دەوەستینەوە، بە دڵنیاییەوە پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی پێکبهێنین".

لەسەر ئەو پرسە زیاتر هەڵوێستەی كرد و وتیشی: دەبێت هەم لەسەر ئاستی پارچەکان و هەم لەسەر ئاستی وڵات دا یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنین، بانگەوازم بۆ حیزبە کوردستانییەکان، دامودەزگا نیشتمانپەروەرەکان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندانی کوردستان ئەوەیە، هەڵوێستی یەکێتیی نەتەوەیی نیشان بدەن و دەست بکەن بەهەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی.

لەکۆتایدا موراد قەرەیلان داوادەکات،" بە هەڵوێستی یەکێتی نەتەوەیی پێشوازی لەو پرۆسە مێژووییە بکەن، کە ڕێککەوتننامەی لۆزان دەچێتە سەدهەمین ساڵەوە و ئەوە بە هەموو جیهان نیشان بدەن، کە ئێمە وەک کورد هەین و یەکین، ڕێپێوانەکەمان ڕێپێوانێکی مرۆڤایەتییانەی مافدارانە و دێموکراسییانەیە، کەس ناتوانێت ڕێگری لەم ڕێپێوانە بکات و ئێمە ئەم ڕێپێوانەی خۆمان سەردەخەین. دەبێت بەم شێوەیە پێشوازی لە ١٠٠هەمین ساڵی لۆزان بکەین. ئەوە زۆر مانادار و گرنگە".


ڕیکلام