باشترین و خراپترین جۆرەکانی خۆراک بۆ بەربانگ

  2023-03-23  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا پێویستە رۆژووەوان لەکاتی بەربانگدا گرنگیی بە تەندروستییان بدەن و بە وریاییەوە ئەو خۆراکە هەڵبژێرن کە لە ژەمی سەرەکیدا دەیخۆن، لەمبارەیەوە پۆسپۆڕێکی زانستیی خۆراک لیستێکی خۆراکی ئامادەکردووە و تیایدا باشترین و خراپترین خۆراکەکانی جیاکردووەتەوە.

د. کامەران ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستیی خۆراک لەبارەی ژەمی بەربانگەوە دەڵێت: "ژەمی بەربانگ گرنگترین ژەمی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە کە پێویستە بایەخی پێ بدرێت و بە هێواشی بخورێت و خواردنەکان بە باشی بجورێت و پێویستە مرۆڤ دوای خواردن یەکسەر پاڵ نەکەوێت".

سەبارەت بە رۆژووشکاندنیش، د. کامەران ژاژڵەیی رێنمایی رۆژووەوان دەکات هەتا ڕۆژوو بە یەک دەنک خورما یان یەک دەنک قەیسی یان یەک قاش کاڵەک یان دوو بۆ سێ دەنک مێوژ بشکێنن، لەگەڵ یەک پەرداخ ئاوی فێنک یان ئاسایی.

د. کامەران ژاژڵەیی باشترین جۆرەکانی خۆراک بۆ بەربانگ بەم شێوەیە دیاریدەکات:
یەکەم ـــ یەک قاپی بچووک شۆربا، وەک: پەڵپینەبەترش، شۆربای قارچک، سووپی مریشک، شۆربای سەوزە.
دووەم ـــ یەک قاپی بچووک زەڵاتە: تەماتە لەگەڵ خەیار یان ترۆزی یان کاهوو؛ دەتوانرێت هەموو سەوزەیەکی تری تێکەڵ بکرێت وەک: چەوندەر، بیبەر، برۆکلی، بیبەر، زەنجەبیل لەگەڵ لێمۆ یان سندی.
سێیەم ـــ بۆ ژەمی سەرەکیش یەکێک لەم خۆراکانە بخورێت:‌ 
ـــ یەک قاپ برنج + ۱ قاپ شلەی باینجان یان فاسۆلیای سەوز یان کولەکە یان بامیە + یەک پارچەی بچووک گۆشتی سووری بێ بەز یان مریشک بێ پێست.
ــ یەک قاپ یاپراخی گەڵامێو + یەک قاپی بچووک پاقلەی سەوز یان یەک قاپ یاپراخی سڵق.
ــ یەک ماسیی بر‌ژاو + ۱ بۆ دوو نانی تیری.
ــ یەک قاپ نۆکاو.
ــ سێ بۆ چوار شفتە یان کوبە.
ــ یەک قاپ ماست + دوو کولێرە یان دوو نانی تیری.
یەک قاپ تەماتەی سوورکراوە + دوو کولێرە یان دوو نانی تیری، دوو شیش سینگی مریشک یان گۆشت یان جگەری بر‌ژاو + دوو شیش سینگی مریشک و تەماتەی بر‌ژاو + دوو نانی تیری.
یەک قاپ ساوەر یان قەرەخەرمان.
چوارەم ــــ یەک کووپ چا یان قاوە؛ بەڵام لە ڕووی زانستییەوە باشترە چا یان قاوە یەک سەعات دوای نانخواردن بخورێتەوە.
لەبارەی ئەو خۆراکانەی لەکاتی بەربانگدا زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، پسپۆڕی خۆراکەکە دەڵێت: کفتە، سەروپێ، خواردنە خێراکان (فاست فوود)، خۆراکی سوێر و پڕ بەهارات و ترشیات خراپترین خۆراکن بۆ کاتی بەربانگ، هەروەها شەربەتی گیراوە و شەربەتی فرێش و خواردنەوە گازییەکان و شیرینی و ئیشی ھەویر و ساردەمەنیش زیان بە تەندروستی دەگەیەنن.


ڕیکلام