حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم چەند مانگەی دواییدا، لە گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامدابووە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و دواجار لە سەر پرسی بودجە و نەوت وگاز ، ھەردوولا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی و لەیەکتێگەیشتنی باش کە لە چوارچێوەی دەستووردا ، ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێن .
بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، ڕێگر نابێت لە پەیوەندیەکانمان لە گەل حکومەتی بەغدا.
لەم چوارچێوەیەدا ، سەردانی بەغدا دەکەینەوە بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەندیدار.
لەمبارەیەوە حکومەتی ھەرێم وێڕای دووپاتکردنەوەی ھەڵوێستی نەگۆڕی خۆی لە دەستبەردارنەبوون لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پەیوەندیەکانی لە گەل بەغدا تا گەیشتن بە چارەسەری بنەرەتی و یاسایی و دەستووری.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان