عەلی عەلاق: لەناوخۆی عێراقدا هیچ قەیرانێکی دارایی بوونی نییە

  2023-04-13  | 
دۆسیە:  نرخی دۆلار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق زانیاری نوێ لەسەر هەوڵەکانیان بۆ ئاسایکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی دەخاتە روو دەڵێت"هەوڵەکانمان چڕ کردوەتەوە بۆ ئەوەی لەماوەیەکی نزیکدا بەهای دینار جێگیربکرێت

عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند: داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی بەقاچاغ بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراق پەیوەستبوو بە راگرتنی سپیکردنەوەی پارە و روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، لەئێستاشدا حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە بەشێوەیەکی باش رێکخراوەتەوە.

باسی لەوەشکرد: بانکی ناوەندی هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار جێگیربکرێت، جەختیشدەکاتەوە کە لەناوخۆی عێراقدا هیچ قەیرانێکی دارایی بوونی نییە، بەڵکو بەرزبوونەوەی دۆلار پەیوەست بوووە بە گۆڕینی رێکارەکانی تایبەت بە حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە لە رێگەی پەنجەرەی ئەلیکترۆنییەوە.

پارێزگاری بانکی ناوەندی دەشڵێت، بەغداد و واشتنۆن رێککەوتوون کەناڵەکانی حەواڵەکردنی دراو بۆ دەرەوە فراوانتر بکرێن.

 


ڕیکلام