قوباد تاڵەبانی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان و وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتە کۆبووەوە

  2023-04-27  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ یۆنان ئەمڕۆ جیگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی ساڵانەی ئابوری دێڵفی، لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان و وەزیری کشتوکاڵی ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە.

نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوە بەڕێوەچووە، لە کۆبوونەوەی یەکەمدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە چۆنییەتی پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و لەم چوارچێوەیەشدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی یۆنان ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی هەرێم و بە تایبەتیش لە بواری راوێژدان بە هێزە ئەمنییەکاندا.

 ئاماژە بەوەشدراوە، هەردوولا بە پێویستییان زانی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات دروست بکرێت.

هەروەها، لە کۆبوونەوەی دووەمیشدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی یۆنان تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاکرا لە بواری کشتوکاڵدا، بە تایبەتیش جەختکرایەوە لەسەر گواستنەوەی ئەزمونی یۆنان بۆ کوردستان لەڕووی پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێرییەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە،  کوردستان ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵییە و دەرفەتی لەباریش هەیە بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ و داوایکرد هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی یۆنان بدرێت بێنە کوردستان. ئامادەیشی دەربڕی هەموو جۆرێک کارئاسانییەک بکرێت بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە.