وەزارەتی کشتوکاڵ شەش ڕێکاری بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون بڵاوکردەوە

  2023-05-20  | 
دۆسیە:  تەندروستی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی کشتوکاڵ، شەش ڕێکاری بەپەلەی بۆ ڕێگری ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون دەرکرد و داوای کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێویەکی نافەرمی دەکات.

ڕێکارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە:

یەکەم: پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەر ببڕدرێن و بە پشکنین و مۆری فەرمیی ڤێرتێرنەری بچێتە بازاڕەوە؛ سەربڕینی ئاژەڵیش لەسەر ڕێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغەیە.

دووەم: دەبێت پشکنین بۆ ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بکرێت، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکە.

سێیەم: پێویستە ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەت و کەلوپەلی سەربڕین لە سەربڕخانەکاندا ڕەچاو بکرێت.

چوارەم: کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا، پێویستە پشکنینی ورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی ئاژەڵەکان.

پێنجەم: وەزارەتی کشتوکاڵ ڕێکاری پێویست دەگرێتە بەر بە مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شوشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونە لە نێوان ئاژەڵەکان، ئەم هەڵمەتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دەبێت.

شەشەم: کۆنترۆڵکردنی دیاردەی هێنانی ئاژەڵ بە شێوەیەکی نافەرمی و لە سنوورەکانی دەرەوە و نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها ڕێگەگرتن لە هێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی تێدا بڵاو بووەتەوە.


ڕیکلام