ئێران لەبارەی هاتنی دەروێشەكان بۆ هەرێمی كوردستان چی دەڵێت

  2020-07-10  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئێران رەتیدەكاتەوە تەقەیان لە دەروێشەكان كردبێت و دەڵێَت دوو دەروێش بەهۆی قەرەباڵغیەوە برینداربوون بەڵام لە دیوی عێراقەوە تەقەیان لێكراوە.

حسێن خۆش ئیقباڵ، جێگری پارێزگاری سنە، لەبارەی سنور بەزاندنی دەروێشەكانی شێخی كەسنەزانی رایگەیاند: هێزە عێراقییەكانی سەر سنور تەقەیان بەسەر دەروێشەكاندا كردووە، بەڵام هیچ كەسێك پێوەنەبووە. 
ئەو بۆ میدیاكانی نزیك لە دەوڵەتی ئێرانی رەتیكردووەتەوە، هێزەكانی ئێران تەقەیان كردبێت و دەڵێت: بەهۆی قەرەباڵغییەوە دوو لە دەروێشەكان بە سوكی برینداربوون كە یەكێكیان لە نەخۆشخانەی مەریوان و ئەوی دیكەشیان لە نەخۆشخانەی پێنجوێن لەژێر چاودێریدان.
ئەو قسانە دوای ئەوە هات كە بەرپرسانی دەروازیە سنوری باشماخ لە هەرێمی كوردستان رایان گەیاند بەهۆی تەقەی هێزە ئێرانیەكانەوە چوار دەروێش كوژراو بریندار بوون. 
هۆكاری هاتنی ئەو دەروێشانە لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ ئەوە دگەڕێتەوە كە وا بریارە ئەمڕۆ تەرمی شێخ محەمەد شێخ عەبدولكەریم كەسنەزانی لە ئەمریكاوە بگاتەوە هەرێمی كوردستان، ئەو دەروێشانەش بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی شێخەكەیان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. 
چواری ئەم مانگە، شێخ محەمەد رابەری تەریقەتی قادری، لە تەمەنی 82 ساڵی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەمریكا كۆچی دواییكردلە شوێنی خۆی نەهرۆی كوڕەگەورەی وەك شوێنگرەوەی دیاری كردووە. 


ڕیکلام