بۆچی پلازمای خوێن هەموو تووشبووانی کۆرۆنا چارەسەر ناکات؟

  2020-07-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە دوای هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە داواکاری بۆ داواکردنی پلازمای خوێنی ئەو کەسانەی لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان پلازمای ئەو کەسانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە وەک تاکە چارەسەر دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە دەبن، بەو هۆیەوە فرۆشتنی پلازما حەرام و قەدەغەکراوە.
کاتێک کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت و چاکدەبێتەوە، دژە تەنەکانی ناو خوێن بەرگریی تایبەت دژی ڤایرۆسەکە دروست دەکەن، بەشێک لەو دژە تەنانەی ناوخوێنی کەسێکی چاکبوو دەگوازرێتەوە بۆ کەسێکی تووشبوو.
خوێنی مرۆڤ لە دووبەشی سەرەکی پێکدێت بەشێکی خانەکانی خوێن و بەشەکەی دیکەی لە ئاو و پرۆتینی تواوە پێکدێت، لەناو تاقیگە پێشکەوتووەکان خوێنەکە دەخرێتە ناو ئامێری تایبەت و خانەکانی خوێن دەنیشن و ئەو بەشەی کە پرۆتینی تواوە و ئاوە لە بەشی سەرەوە دەوەستێت.
بەشێک لەو پرۆتینە تواوەی لە خانە سوورەکانی خوێن جیادەبێتەوە و پلازمای خوێنە و دژە تەنی تایبەتی تێدایە کە بەرگری تایبەتی دژ بە کۆرۆنای دروستکردووە و کاردەکات بۆ دژایەتی کردنی ڤایرۆسەکە کاتێک دەچێتە جەستەوە و دەنووسێن بەهەموو ڤایرۆسەکان و ناهێڵێت بگاتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت.
بەکارهێنانی پلازما بۆ ئەو کەسانی کە گەنجن و بەرگری لەشیان بەهێزە کارێکی ئاسانە و خێرا بەرگرییەکە دروست دەکات، بەڵام بۆ ئەو کەسانەی بەتەمەنن یان بەرگری جەستەیان لاوەزە کارێکی ئەستەمە بەتایبەت ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا خێرا خانەکانی بەرگری جەستە دەبڕێت و دەگاتە ئەو شوێنەی کە دەیەوێت.
ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون دوای 14 رۆژ لە چاکبوونەوە و ئەنجامدانی پشکنین بتڵێک خوێنیان لێوەردەگیرێت دژە تەنەکان لە خوێنەکەی جێدەکرێتەوە، دەکرێت پلازماکە بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە حاڵەتەکانیان ناجێگیرە بەڵام شڵەژاو نین، چونکە لە هەندێک لە حاڵەتەکان کە ڤایرۆسەکە بەچڕی چووەتە جەستەی نەخۆشەکانەوە ئاسان نییە دژە تەنەکان بەسەر ڤایرۆسەکە زاڵ بن، بەڵام ئەگەر کەسێک تەنیا نیشانەی هەبێت دەکرێت لە هەموو حاڵەتەکانی دیکە زیاتر سوود لە بەکارهێنانی پلازما وەربگرن.
بەشێک لە توێژینەوەکان بەسلەوە دەکەن لە کۆی 10 کەس 7 کەسی تووشبووی کۆرۆنا سوود لە پلازمای کەسانی چاکبووە لە ڤایرۆسەکە وەرگرن.
یەکەم تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 12ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە لە وهانی چین تۆمار کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا ڤاکسینی تایبەت بە ڤایرۆسەکە نەدۆزراوەتەوە.
بەکارهێنانی پلازما وەک چارەسەر شتێکی نوێ نییە. لە ساڵی 1890 بۆ یەکەم جار دژی نەخۆشی کۆکەڕەشە بەکارھاتووە و دواتریش لە ساڵی 1918 بۆ پەتای ئەنفلۆنزای ئیسپانی بەکارھاتووە.



ڕیکلام