پارتی ژیانی ئازادی كوردستان : دژەتیرۆری پارتی بووەتە وتەبێژ و بەشێکە لە میتی تورکیا

  2023-08-29  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە بارەی راگەیەندراوەکانی دەزگای دژە تیرۆری کوردستان (پارتی) هاتە دەنگ و رایگەیاند، دژە تیرۆری پارتی دەستی لە دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا هەیە.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدا بە هەواڵێکی دوو رۆژ پێش ئێستای دەزگای دژەتیرۆری پارتی دەکات و دەڵێت" دوو ڕۆژ لەمەوبەر دەزگای دژە تیرۆری پارتی هەواڵێکی بڵاوکردەوە کە گۆیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئاوایی زەنگیدەری سەر بە گەرمکی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بوون، وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سەرنج بۆسەر هەندێ لە کارەکانی ئەو دەزگا بەدناوە ڕابکێشین.

باسی لەوەشکردووە،" لە ١١ی ئەم مانگەدا دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی تورکیادا لە رێگەی پێنجوێن بۆ ناڵپارێز، سێ هاووڵاتی عەرەبی خەڵکی موسڵ کە لە دهۆک نیشتەجێ بوون و کارمەندی ئاسیاسێڵ بوون شەهید بوون، دەزگای بەناو دژەتیرۆری پارتی  رایگەیاند، ئەوانە گەریلا بوون. کەچی بە روونکردنەوەی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێل ئەو دەزگایە بەدرۆ کەوتەوە و دەرکەوت کە بۆ دژە تیرۆری پارتی رەزامەندی دەوڵەتی تورکیا لە گیانی مرۆڤەکان گرنگترە".

ئەوەشی وتووە،" دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و رۆژنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی تورکی دەجوڵێتەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان: 

سەبارەت بە دوژمنایەتی دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک

دوو ڕۆژ لەمەو بەر دەزگای دژە تیرۆری پ.د.ک هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە گۆیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە ئاوایی زەنگیدەری سەر بە گەرمکی پێنجوێن سێ گەریلا شەهید بوون. وێڕای بەدرۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، پێویستە سرنج بۆ سەر هەندێ لە کارەکانی ئەو دەزگا بەدناوە ڕابکێشین.

لە ڕێکەوتی ١١ی ئەو مانگەدا دوای ئەوەی لە هێرشێکی ئاسمانی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ترکیەدا لە ڕێگەی پێنجوێن بۆ ناڵپارێز، سێ هاووڵاتی عەڕەبی خەڵکی موسڵ کە لە دهۆک نیشتەجێ بوون و کارمەندی ئاسیا سێڵ بوون شەهید بوون، دەزگای بەناو دژەتیرۆری رایگەیاند پارتی ئەوانە گەریلا بوونە. کەچی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی کۆمپانیای ئاسیاسێل ئەو دەزگایە بەدرۆ کەوتەوە و دەرکەوت کە بۆ دژە تیرۆری پارتی ڕەزامەندی دەوڵەتی ترکیە لە گیانی مرۆڤەکان گرینگترە.  


دەزگای بەدناوی دژە تیرۆری پارتی کە وەک مافیایەک دەستی لە سەرکوتی خەڵک ناپارێزێ و دەستی لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و ڕۆنامەنووساندا هەیە، هاوتەریبی ئەو کردەوانەی، وەک وتەبێژی دەزگای سیخوڕی میتی ترکیە دەجوڵێتەوە.

ئەو ناوەندە مافیاییە دوای هەر ھێرشێکی دوژمن، دەستبەجێ هەواڵەکەی بڵاو دەکاتەوە و هەندێ جار لە کاتی وەکوو دیدارەکەی هاکان فیدان لە عێراق و باشووری کوردستان، هەواڵی چەوت و درۆ بڵاو دەکاتەوە کەچی ڕێک لەوکاتەدا بە هۆی هێرشی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی دەوڵەتی ترکیە مەرتەع و باخ و ڕەزەکانی پێنجوێن ئاگریان گرتبوو و پێویست بوو هەموو لایەن بەهانای خەڵکەوە بچن بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام ئەوە نەتەنیا بایەخیان پێ نەدا، بەڵکوو وەک بەشێک لە دەزگای میتی ترکیە دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەوت و ناڕاست. بۆیە پێویستە گەلی کورد لەبەرامبەر ئەو دەزگایە هۆشیار بێ.  

هەرچەندە ئەوە چاوەڕوان کراو بوو و هەموو دەزانن کە ئەوە دەزگای حیزبێکە کە لە دانیشتنەکانی دوای ئاشبەتاڵ لە جیاتی وێنەی شەھیدانی ڕێگەی شۆڕشی کوردستان، وێنەی خومەینییان لە شوێنی کۆبوونەوەکان هەڵواسیبوو. بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵەکە لەسەر زاری  دەزگایەکی وەها لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بۆتەوە، بە پیویستمان زانی کە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە بدەین. 

ئێمە ڕادەگەیێنین ئەو دەزگایە بۆتە بەشێک لە دەزگای تیرۆریستی میت و وەک دەزگای هەواڵنێرییەکی سەر بەمیت کار دەکات و تەمرین و راهینانی جۆرێکی نوێ لە بەکرێگیراوی دەبینێ. هەر بۆیە داوامان لە دەزگای ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەکان هەیە ئاستی خۆیان نەهێننە ئاستی دەزگای تیرۆریستی بە ناو دژە تیرۆری پارتی و ئەگەر بە ناچاریش پێویستە قسەکانی ئەوان بڵاوبکەنەوە، پێویستە بەردەوام جەخت بکەنەوە کە هەواڵەکانی ئەو دەزگایە گومانی لەسەرە.

ئەوە پێویستییەکی ڕاگەیاندنێکی ڕاستەقینە و ئەخلاقی  ڕۆژنامەوانییە. ڕۆژنامەوانی پیشەیە بەڵام ئەوە ڕێگر نییە لە پشتیوانی تێکۆشانێکی بەحەق.

شیوازێکی پشتیوانی لە ئێمە دەکرێ بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاستی دوژمنانی تێرۆریست بێ دەرحەقی ئێمە و ئەوەش لەبەرامبەر پیشەی ڕۆژنامەوانی بەربەست نییە. 


ئێمە لە شۆڕشداین و بەردەوام هەموو هەواڵە خۆش و ناخۆشەکانی تێکۆشانمان بە زووترین کات بە ڕای گشتی و گەلەکەمان ڕادەگەیێنین.

بۆیە داوامان لە گەلەکەمان ئەوەیە بە بیستنی هەر هەڤالیک، بە سەبرەوە چاوەڕوانی ئەوە بکەن کە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە هەواڵەکە پشتڕاست یان بەدرۆی بخەنەوە. بە هیوای ڕۆژانێک کە ناڕاستی و ناپاکی لە ژیانی مرۆڤەکان سەر روی زەوی بسڕدرێتەوە. 

                                                                                                                             سڵاو و ڕێزی شۆڕشگێڕی
                                                                                                                                   ٢٩/٠٨/٢٠٢٢٣
                                                                                                                               کومیتەی پەیوەندییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)


ڕیکلام