بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ فراکسیۆنی یەکێتی: بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکەن

  2023-09-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبووەوە.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی فراکسیۆنی یەکێتی کرد بۆ بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە و قووتی خەڵکی هەرێم و پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان راپەڕاندووە و هەوڵەکانیان لەپێناو پاراستنی بەرژوەندییەکانی کوردستان بووە. داواشیکرد، بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان نەکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی داواشی لە فراکسیۆنی یەکێتی کرد، هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکدا بن و پەرلەمان بکەن بە سەکۆی بەدیهێنانی مافەکانیان، لەبارەی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە سەرۆک بافڵ وتی، خزمەتکردنی هەڵەبجە ئەرکتانە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان هەماهەنگبن تاوەکو کۆدەنگییەکی نیشتمانی سەبارەت بەو پرسە دروستدەکرێت.

لەبارەی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکانەوە لە بەغدا بافڵ جەلال تاڵەبانی فراکسیۆنی یەکێتی راسپارد، لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنە کوردییەکان هاوکاربن و وەک بەرەیەکی کوردستانی خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەل بکەن و دوور لە هەموو لایەنگیرییەکی ‌حزبی نوێنەری کورد و کوردستان بن.