سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستگیرکردنی جەمال عەبدوڵا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " ئەو کەیسە دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی نییە بە کاری رۆژنامەوانییەوە، بەڵکو تۆمەتبار کە ئێستا راگیراوە، بەهۆکاری ئەوە راگیراوە، پێش چەند ساڵێک بە کلکە دەمانچە لە هاووڵاتییەکی داوەو بەڕێژەی ٣٪ تووشی عیجزی کردووە".
دەقی روونکردنەوەکە...
بەشێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن، تۆمەتی ناڕەوا دەدەنە پاڵ دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، گوایە تۆمەتبار (ج . ع) لەسەر کاری رۆژنامەوانی راگیرابێت، لێرەوە بەھەموو لایەکی رادەگەیەنین کە؛ ناوبراو بەپێی ماددەی (٤١٢)ی یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و پاش دەستگیردنیشی دانیناوە بە ئەنجامدانی تاوانەکەی، وە ئەو کەیسە دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی نییە بە کاری رۆژنامەوانییەوە، بەڵکو تۆمەتبار کە ئێستا راگیراوە، بەھۆکاری ئەوە راگیراوە، پێش چەند ساڵێک بە کلکە دەمانچە لە ھاووڵاتییەکی داوەو بەڕێژەی ٣٪ تووشی عیجزی کردووە و ئەویش ھەر ئەوکاتە سکاڵای لەدژی ئەو تۆمەتبارە تۆمار کردووە و فەرمانی دەستگیردنی بۆ دەرچووە و چەندین جار جەختی لێکراوەتەوە و داوای لێکراوە بێتە بەردەم دادگای تاوانەکانی سلێمانی بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت وەکو تۆمەتبارێک، بەڵام نەھاتووە و نەگوێی بەیاسا داوە و نە رێزی لە دادگا گرتووە، بۆیە لەکاتێکدا خۆی ھاتۆتە دادگا بەھۆی کەیسێکیترەوە کە شایەت بووە تیایدا، دادوەری ئەم کەیسە پێی زانیوە و بڕیاری راگرتنی داوە تا ئەو کاتەی دادگا دۆسیەکەی یەکلایی ئەکاتەوە و بڕیار لە چارەنوسی دەدات..
لەکۆتاییدا ئەوەش رووندەکەینەوە کە رۆژنامەنووس و میدیاکارانی بەڕێز لە دادگاکانی سەربە سەرۆکایەتیمان رێزلێگیراون و لەکاتی بوونی ھەر گرفتێک کە لەچوارچێوەی کاری رۆژنامەوانی بێت بەپێی یاسای رۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، نەک لەھەموو تاوانێک کە ئەنجامی بدات وەکو ھەر کەسێکی تر و لەدەرەوەی کاری رۆژنامەوانی.. وە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن و میدیا دەکەین کە پابەندی ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی بن و ھەواڵ و بابەتەکان وەکو خۆی بۆ رای گشتی بگوازنەوە دوور لە چەواشەکاری و بەلاڕێدا بردن و پارێزگاری لە خراپەکاران نەکەن.
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی