دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانیکردن بە چەکی بێمۆڵەت رادەگەیەنێت

  2023-10-31  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە قەزای سەیدسادق چوار کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە چەکی بێ مۆڵەت دەستگیرکراون و دەستگیراوە بەسەر 22 جۆر دەمانچەی تورکی بێ مۆڵەت.

دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای چاودێریکردن و بەدواداچوون، هێزەکانی ئاسایشی شارەزوور بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژی 24ی تشرینی یەكەم لە قەزای سەیدسادق باندێکی چوار کەسی مامەڵەکار و بازرگانی چەکیان دەستگیرکرد.

دەشڵێت، لەکاتی دەستگیرکردنیان، لە ماڵی یەکێک لە تۆمەتباران دەستگیرا بەسەر 22 چەکی جۆری دەمانچەی تورکی بێمۆڵەت و بڕێک پارەی بیانی کە لە مامەڵەکردنی چەکدا بەکارهاتبوون.

لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (15)ی چەک راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە، دەزگای ئاسایش وادەڵێت.


ڕیکلام