د. بڕیار رەشید: هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ چارەسەر کردنی گرفتەکانی بەشە خۆراک و ئاردی هاوڵاتیان

  2023-11-23  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەوڵەكانمان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی تایبەت بە بەشەخۆراك و ئاردی هاوڵاتییان بەردەوامە و داوای خەرجكردنی دەرماڵەی هاندانی مانگانە و دەستكەوتی فەرمانبەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانیمان كرد".

د. بڕیار رەشید، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند، وەك ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆمپانیای دروستكردنی دانەوێڵەمان كرد و لەگەڵ خالید ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی كۆبووینەوە.

راشیگەیاند، گفتوگۆمان كرد لە بارەی میكانیزمی كارەكانیان و ئاستی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە هاوڵاتییان دەكرێت و دواتر باس گرفتەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كران و داوامانكرد كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی هاندانی مانگانە و دەستكەوتی فەرمانبەرانییان بۆ خەرجبكرێت بەبێ دواكەوتن لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی عێراق.

وتیشی، "باسمان لە گرفتی هەندێك لە ئاشەكانی سلێمانی كرد كە دووچاری رۆتینێكی زۆردەبن لە لایەن وەزارەتی بازرگانییەوە و هەوڵەكانیشمان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەكانی پەیوەندیدار بە بەشەخۆراك و ئاردی هاوڵاتییان بەردەوامە". 

 

 

 


ڕیکلام