كچە چالاكوانێكی كورد 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا

  2020-07-15  | 
زارا محەمەدی بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی نۆژین
 تۆڕی هەواڵی ژیان
چالاكوانێكی ژینگە و كلتوری لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێرانەوە سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

زارا محەمەدی بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتی نۆژین، هەرچەندە ماوەی حەوت مانگە ئازادكراوە (كەفالەت) بەڵام لەلایەن لقی یەكی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرپەرشتی دادوەر سەعیدی و بە تۆمەتی دروستكردنی گروپ دژ بە ئاسایشی وڵات ماوەی 10 ساڵ زیندانی بەسەریدا سەپێندرا. 

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ سێشەممە ئەو سزایە بە پارێزەری زارا بە ناوی دوكتور عەبدوڵاهی راگەیەندراوە،ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو تەنها بەرپرسی ئەنجوومەنی نۆژینە و ئەو ئەنجوومەنە لەو تاوانانە بێبەری كراوە.

ئەو كچە چالاكوانە 25ی ئایاری 2019 لە ماڵەكەیدا لە شاری سنە دەستبەسەركرا و دوای ماوەیەك بە كەفالەتی 700 ملیۆن تمەنی و بە شێوەی كاتی ئازاد كرابوو.

ئەنجوومەنی نۆژین یەكێك لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیەكانی پارێزگای سنەیە و زۆرتر كار لەسەر پاراستنی زمان و كلتور و ژینگە دەكات. 


ڕیکلام