باسم خەشان: حەلبوسی لانی کەم ساڵێک زیندانی دەکرێت

  2023-12-01  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تادێت فشارەکان لەسەر محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوتری پەرلەمانی عێراق و حیزبەکەی چرتر دەبێتەوە، ئەندامیکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئەگەری زیندانیکردنی حەلبوسی لە ئارادایە".


باسم خەشان ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەری زیندانیکردنی حەلبوسی لە ئارادایە، چونکە حزبی تەقەدوم کە حەلبوسی سەرۆکایەتی دەکات، رێککەوتنێکیان کردووە بۆ پێدانی ٦٠٠ هەزار دۆلار و تەحویلکراوە بۆ کۆمپانیای بی جی ئاڕ، بەبێ رەزامەندی نوسینگەی کاروباری حزب و رێکخراوە سیاسییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو تاوانە بەپێی یاسا سزای زیندانی لەسەرە کە لە ساڵێک کەمتر نییە و لە سێ ساڵیش زیاتر نییە، چونکە بەپێی ماددەی ٥٠ لە یاسای حزبە سیاسییەکانی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٥، هەر لێپرسراوێک پارەی حزبەکەی بنێرێت بۆ رێکخراو یان کەسێک یاخود بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ رەزامەندی نوسینگەی حزب، سزا دەدرێت.

ئەم قسانەی باسم خەشان لە کاتێکدایە، حەلبوسی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،  "ئەو سکاڵایانەی لەسەری تۆمارکراون سیاسین و پێش هەڵبژاردن خۆیی و حیزبەکەی بە ئامانج گیراون، لە هیچ دۆخێکدا عێراق جێناهێڵێت و دادگاش هەر بڕیارێک بدات پابەندی دەبێت".

 


ڕیکلام