پارێزگاری هەولێر دەڵێت، باشترین شێڵتەری سەگی بێلانەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگاکە دروستکردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "لە رۆژی 01-10-2023 تاوەکو ئەمڕۆ، کە دەکاتە زیاتر لە دوو مانگ؛ زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە بە شێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک بۆ شێڵتەرەکە گواستراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆکردنەوەی سێ هەزار سەگ؛ واتا سێ هەزار گرفت لەنێو شار گواستراونەتەوە. رۆژانە 80 سەگ دەگوازرێنەوە و بەهۆی پڕۆسەکەوە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەکانەوە زۆر زۆر کەمبووەتەوە". دەشڵێت، بێجگە لەمەش "رێژەی لەناوچوونی سەگە بێلانەکانیش لەنێو شار زۆر کەمبووەتەوە، چونکە پێشتر خەڵک پەلاماریان دەدان و دەیانکوشتن یان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دەدا".
پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، شوێنی خواردن، ئاو خواردنەوە، سێبەر و خۆپارێزی لە تیشکی هەتاو و باران بۆ هەموو ئەو سەگانە دابین کراوە کە لەنێو شێڵتەرەکەدان. دەڵێت، "رۆژانە نزیکەی چوار تۆن خواردن بۆ سەگەکان دابین دەکرێت؛ بەشێکی خواردنگەکانی هەولێر بە دابینکردنی بەشێکی خواردن بۆ سەگەکان پابەندکراون و رۆژانە بۆ شێڵتەرەکە دەگوازرێتەوە".
وتیشی، "هەر کەسێک بیەوێت بەدواداچوون بۆ دۆخی شێڵتەرەکە و سەگەکان بکات، رۆژنامەنووس بێت یان ئاژەڵدۆست، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەی هەولێر بکات بۆ ئەوەی باجێکی تایبەتی بۆ دروستبکرێت، دواتر رێگەی پێ دەدرێت بچێتە ناوەوەی شێڵتەرەکە".