ترەمپ لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی سێ گەنج لە ئێران هاتەدەنگ

  2020-07-15  | 
واشنتن
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بڕیاری حکومەتی ئێران بۆ لەسیدارەدانی سێ گەنج هاتەدەنگ و رایگەیاند، نابێت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا بە زمانی فارسی نوسیویەتی، سێ کەس لە ئێران بەهۆی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندان، سزای لەسیدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسێدارەدانی ئەو سێ کەسە لە هەر ئانوساتێکدا چاوەڕوانکراوە، بڕیارەکە پەیامێکی کارەساتبار دەداتە جیهان و نابێت جێبەجێ بکرێت.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە رۆژی رابردوو دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاند، سێ گەنجی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی پاییزی ساڵی رابردووی ئەوە وڵاتە، بە ناوەکانی ئەمیرحسێن مورادی و سەعید تەمجیدی و محەمەد رەجەبی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

دوابەدوای بڕیارەکەش کەمپەینێک بۆ بڵاوکردنەوەی هاشتاگی "نە بۆ لەسێدارەدان" لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە و لەماوەیەکی کەمدا هاشتاگەکە زیاتر لە چوار ملیۆن جار ریتویت کرا.

دواتر ماڵپەڕی فارس نیوز رایگەیاند، کە بڕیاری لەسێدارەدانی ئەو سێ گەنجە راگیراوە بەڵام، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا هەواڵەکەی بەدرۆخستەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.