پاسپۆرتی سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بۆ هاووڵاتییان بڵاودەکاتەوە

  2023-12-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی نوێی سەبارەت بە کارپێکردنی هەژماری بانکی هاوڵاتییانی بۆ مامەڵەی پاسپۆرت بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەکاتی سەردانیکردنی هاوڵاتییان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت، پێویستە رەچاوی ئەم رێنماییانە بکرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەرچووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی ژمارەیەک رێنمایی بۆ ئەو هاووڵاتییانە بڵاوکردەوە کە بەمەبەستی تازەکردنەوە یاخود دەرهێنانی پاسپۆرتی نوێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکەن و لە یەکێک لە رێنماییەکاندا هاتووە، پێویستە هاووڵاتییان هەژماری بانکی تایبەت بەخۆیان هەبێت و ناوی خاوەن کارتی لەسەر بێت.

پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەشی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان سەروو 18 ساڵ زیاترە، پێویستە هەژماری بانکی خۆیان هەبێت و هەژمارە بانکیەکەش، پێویستە بڕی 91 هەزار دیناری عێراقی تێدابێت بۆ هەر مامەڵەیەکی پاسپۆرت.

دەشڵێت، ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵە، هەژماری بانکی باوک یان دایک بەکاردێت.

پاسپۆرتی سلێمانی ئەوەش دەخاتەڕوو، پێویستە هاووڵاتییان پینکۆد (پاسۆرد)ـی خۆیان بزانن لەکاتی سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرت.


ڕیکلام