پۆلیسی گەرمیان: بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەندکراوێک گیانی لەدەستدا

  2020-07-15  | 
گەرمیان
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەندکراوێک لە گەرمیان گیانی لەدەستدا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی بەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەندکراوێک لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

عەلی جەمال قدووری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی٧ی٢٠٢٠،  بەندکراوێکی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بەناوی ( هیوا تۆفیق نامیق ) لەدایکبووی ساڵی 1976، بەهۆی بەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی دادگای کەتنی قەزای کفری بەپێی مادەی 457 بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو دەرکرد، لەبەرواری 21 /6/ 2020 پۆلیسی کفری ناوبراویان دەستگیر کردووە و ڕەوانەی بەشی گرتن و گواستنەوەی گەرمیانیان کردووە .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای پشکنین دەرکەوتووە کە ناوبراو هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاندووە، پاش ئەوەی چەند جارێک لەبەندیخانەوە براوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆکراوە، دواجار بەهۆی خراپی باری تەندروستییەوە لەبەرواری 7/7/ 2020 ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ١٠ هەزار و ١١٤ کەس لە هەرێم تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیەش ٣٧٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و ٤٨٢ کەسیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام